وەزیری تەندروستی: لە هەرێمی کوردستان لە 100 هەزار کەس 151 کەس تووشی شێرپەنجە بوون

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی

K24 – سلێمانی:

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە خوار ئاستی ستانداردی جیهانییەوەیە.

لەبارەی زیادبوونی ڕێژەی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی لە هەر 100 هەزار کەسێک 190 کەس تووشی شێرپەنجە دەبن بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم ڕێژەیە کەمترە و لە هەر 100 هەزار کەس 151 کەس تووشی شێرپەنجە بوون.

لەبارەی خزمەتگوزارییەکانیش وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: لە نەخۆشخانە حکوومییەکان لە 100% چارەسەری کیمیایی بە تووشبووانی شێرپەنجە دەدرێت.

بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هەزار و 416 حاڵەتی شێرپەنجە لە سلێمانی تۆمار کراون و سێ هەزار کۆدی شێرپەنجەییش کراونەتەوە، بەڵام هەموویان تووشبوو نین بە نەخۆشییەکە.

هاوکات یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئامارەکانی توشبوون بە شێرپەنجە بەروارد بە ساڵی ڕابردوو زیادکردنێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەدیوە، بەڵام گرنگترین کار ئەوەیە کە چۆن کار لەسەر ئەوە بکەن کە زۆرینەی ئەو حاڵەتانەی کە دێنە نەخۆشخانەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بن.

Fly Erbil Advertisment