شێخ زاهر عاسی: داوا لە پارتی و بەرەی تورکمانی و سێ ئەندامە عەرەبەکە دەکەین بێنە کۆبوونەوەکە

شێخ زاهر عاسی ، ئەندامی هاوپەیمانی عروبە لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
شێخ زاهر عاسی ، ئەندامی هاوپەیمانی عروبە لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

ئەندامێکی هاوپەیمانیی عروبە لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و سێ ئەندامی عەرەبی دەکات، بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکەن.

شەممە 24ـی ئابی 02024، شێخ زاهر عاسی، ئەندامی هاوپەیمانی عروبە لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی گوت: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گفتوگۆ لەبارەی پلە وەزیفییەکان دەکەین کە بڕیاریان لێ دراوە بۆ دامەزراندن. هەروەها  گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی دەستپێشخەرییەکان دەکەین بۆ هاوپەیمانەکانمان بۆ بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی ، هاوکات قسە لەبارەی ئەو شایستە داراییە دەکەین کە لە دیوانی پارێزگا هەیە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران.

شێخ زاهر عاسی گوتی: داوا لە پارتی دیموکراتی  کوردستان و بەرەی تورکمانی و سێ ئەندامە عەرەبە دەکەین بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەن بکەن. دەشڵێت: جێگری پارێزگار و ڕاوێژکارەکان پێویستیان بە دەنگدان نییە، ئەو پۆستانە تەنها چەند فەرمانێکن کە لە پارێزگارەوە دەردەچن.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، پێنج ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەندامێکی کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی، بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن، بەڵام سێ ئەندامی عەرەب لە هاوپەیمانیی سیادە و دوو ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و دوو ئەندامی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەن.

شەوی شەممە، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

ڕۆژی چوارشەممە، 14-08-2024، ڕێبوار تەها، وەکوو پارێزگاری نوێی کەرکووک دەست بە کار بوو؛ ڕۆژی یەکشەممەش، 18-08-2024، محەممەد حافز، وەکوو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەست بە کار بوو.

Fly Erbil Advertisment