داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ئەڵمانیا ڕاگەیاند

K24 – هەولێر:

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ئەڵمانیا ڕاگەیاند و پۆلیسیش دەڵێت: سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشتی دیکەش بریندارن.

بە گوێرەی راگەیێنراوێک، رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ئەڵـمانیا ڕاگەیاند کە بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و هەشتی دیکەش بریندابوون.

ڕووداوەکە هێرشی چەقۆوەشاندن بووە و پۆلیسی ئەڵمانیا مێرمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵانی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە ڕووداوەکەوە دەستگیر کردووە.

پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، تۆمەتباری دەستگیرکراو پەیوەندی بە ڕووداوەکەوە هەبووە بەڵام تا ئێستە بکەری سەرەکی و پلانداڕێژەری هێرشەکە دەستگیر نەکراوە.

ئەلیکساندەر کریستا، گوتەبێژی پۆلیسی دوسلدۆرف بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هێرشەکە شەوی 23 لەسەر 24ی ئاب، لە کاتی ئاهەنگێڕانی 650 ساڵەی دامەزراندنی شاری سۆلینگن بووە، کە دەکەوێتە باکووری ڕاین وێستفالیا، بەڵام هەموو شوێنەکان بە پۆلیس تەندراون و هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی چەقۆ وەشێنەکە دەستی پێ کردووە و لە ئاسمانیشەوە بە هێلیکۆپتەر چاودێریی ناوچەکە دەکرێت.

کریستا دەڵێت: چەقۆ وەشێنەکە دەستی لە هیچ کەسێک نە پاراستووە و بە هەرچوار دەوری خۆیدا چەقۆی وەشاندووە، هەربۆیە داوا لە خەڵکی کراوە هەرچی زووە شوێنی ئاهەنگێڕانەکە چۆڵ بکەن و بڵاوەی لێ بکەن.

Fly Erbil Advertisment