تەندروستی هەولێر: نۆ هاووڵاتیی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دوکانەکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێل گەیەندرانە نەخۆشخانە

ئەمبوڵانسێکی فریاکەوتنی تەندروستی
ئەمبوڵانسێکی فریاکەوتنی تەندروستی

بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولیر ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئاگرەکەی دوێنێ شەوی دوکانەکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێل لە شەقامی 60 مەتری هەولێر، نۆ هاووڵاتیی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

سێشەممە 27ـی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بڵاوی کردەوە، شەوی دووشەممە 26ـی ئابی 2024، دوای کەوتنەوەی ئاگر لە کۆمەڵێک دوکانی جوانکاریی ئوتومبێل، بەڕێوەبەری بەشی کردە پزیشکییەکان لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لەڕێگەی تیمه‌كانی سه‌نته‌ری هاوئاهەنگیی فریاكه‌وتنی هه‌ولێر (122) و هۆبەی پزیشکیی فریاکەوتن، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، لەوێ فریاگوزاریی پێویست و چارەی سەرەتایی بۆ  بریندارانی ئاگره‌كه‌ کرا  کە بریتی بوون لە (53) هاووڵاتی کە فریاگوزاریان بۆ کراوە و (9) هاووڵاتیش دوای چارەی سەرەتایی، ڕەوانەی نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان کراون .

دوێنێ شەو، ئاگر لە بەشێکی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر کەوتەوە، بە هۆیەوە کەلوپەلەکانی چەند کۆگا و دوکانێک سووتان، بەپێی زانیارییەکانیش، هیچ کەسێک لە ئاگرەکە زیانی بەرنەکەوتووە.

سێشەممە 27ـی ئابی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: هیچ زیانێکی گیانی لە ئاگرەکەی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێلان نەبووە، ستایشی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کرد کە توانیویانە دەستبەجێ بگەنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای هەشت کاتژمێر کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن و ڕیگەنەدەن تەشەنە بکات.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە، هۆی ئاگر کەوتنەوەکە تا ئێستا دیار نییە و لێژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە دەستی بەکار کردووە بۆ  دیاریی کردنی هۆکارەکان و خەمڵاندنی زیانەکان.

Fly Erbil Advertisment