ڕێبوار بابکەیی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە تۆقێنەری گەندەڵکاران ناسراوە

ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموکراتی کوردستان
ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی لقی 10ـی پارتی، ئاماژە بەوە دەکات، کەسایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کەسایەتییە سیاسییەکانی تووشی شۆک کردووە، هاوکات گوتی: پارتی هەمیشە ماڵی پۆڵاین بووە و، هەڵوێست و ڕێبازەکەشی لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بووە.

ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: کەسایەتی سەرۆکوەزیارن مەسرور بارزانی هەموو لایەنە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ئەوانەشی لە حکوومەت دان تووشی شۆک کردووە، سەرۆکوەزیران ئیرادەیەکی پۆڵاینیی هەیە و بەو ئیردایەش ڕووبەڕووی کێشەکان بووەتەوە.

بەرپرسی لقی 10ـی پارتی، ئاماژەی بەوە دا، کەسایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خۆی لەوەدا دۆزیوەتەوە کە لە بەرپرسیارەتی ڕای نەکردووە هەموو ئەو ئاستەنگانەشی کە هاتوونە پێشی توانیوەتی بە بەرنامە و پلانێکی تۆکمە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند، هەرگیز کەسایەتییەکی وەک و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەو هێز و لایەنە سیاسییانە دروست نەبووە کە هەمیشە ئیرەیی پێ دەبەن، یەکەمجارە کەسێکی وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەس و لایەنە سیاسییەکان فێری حکوومڕانی و تێگەیشتن لە سیاسەت بکات.

ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە تۆقێنەری گەندەڵکاران ناسراوە، بۆیە بەشێک لەوانەی کە دژایەتی دەکەن ئەوانەن کە لە خانەی گەندەڵکاران پێناسەیان بۆ کراوە، هەروەها سەرۆکوەزیران کاتێ دەسبەکار بوو لە کابینەی نۆیەم سەرباری قەیران و ئاستەنگەکان زۆرترین دەستکەوتی هێنایە کایەوە.

زیاتر گوتی: بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەرژەونەدی گشتییە و دژی ئەوانەیە کە لە خانەی گەندەڵکاران هەڵقوڵاون، بە تایبەتی یەکێتی کە کێشەکانی ناوماڵی خۆیان بە تۆمەتبەخشینەوە دەیانەوێت بە سەرۆکوەزیران پەردەپۆش بکەن.

ڕێبوار بابکەیی، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەو  پڕوپاگەندانەی کە یەکێتی لە ماوەی ڕابردوو کردوویانە بەرانبەر بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەنجامی ئەوتۆی نەبووە، بۆیە دێن بەردەوام دەبن لەسەر ئەم تەوژمە بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی سەرۆکوەزیران لەپێش چاوی خەڵک بخەن.

جەختی لەوەش کردەوە، دەستکەوتەکانی سەرۆکی حکوومەت لەبەر چاوی خەڵک ناکەون، چونکە بوونەتە بەشێک لە واقیع و لە زهنییەتیان ماوەتەوە.

لەبارەی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتییەوە، بابکەیی گوتی: ڕاگەیەندراوەکەیان گوزارشتە لە دۆخێکی شپرزە و نالەبار، دۆخێک ئاوا لێی دەخوێندرێتەوە لەناو حزبەیەکەیان فرەکوێخایەتی هەیە و سەرچاوەکانی بڕیاریان نادیاران و زۆرن.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە تەنیا نوێنەرایەتیی پارتی ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها سەرۆکوەزیران سیمایەکی جوانی شارستانی مەدەنی دیموکراسی هێناوەتە نێو کایەی حکوومڕانییەت.

هەر لەبارەی یەکێتییەوە، دەڵێت: حزبەکە تەنانەت بڕواشیان بەخۆیان نییە، دەیانەوێت لە تارمایەک بڕیار بدەن و پەیامی نادروست بگەیننە خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە ساڵی 1992ـەوە تا ئێستە بەشێک بوونە لە حووکمڕانییەت بەرپسیارەتییان بۆ نیوەی ڕێگا هەڵنەگرتووە و  پارتیان بەتەنیا جێهێشتووە، دەرکەوت تەنیا بۆ مەبەستی وەرگرتنی پۆست لە حووکمڕانییەتن.

لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی: کاتێک یەکێتی پلە و پۆست وەردەگرێت دەست دەکات بە کارێک ئەویش قاچێکی لە ئۆپۆزیسیۆن دەبێت و قاچێکیشی لە دەسەڵات دەبێت، هەروەها لەنێو یەکێتی بنەماڵۆچکە حووکم دەکات نەک بنەماڵە.

سەبارەت بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ناوبراو، جەختی لەوە کردەوە، پارتی هەمیشە ماڵی پۆڵایین بووە، هەڵوێست و ڕێبازی پارتی لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بووە، هیچی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی نەبووە، لە بەرانبەردا یەکێتی ماڵی پڕێتی لە خراپکاری، خیانەت و دەستخستنە ناو دەستی ناحەزان بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

سێشەممە 27ـی ئابی 2024، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی "هەڵوێستى نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکارى و هەواڵى بێ بنەما"ـی بەشێک لە بەرپرس و مێدیاکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە دژی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.

مەسرور بارزانى، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "کار و هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتەکانى لە حوکمڕانى و کارى سیاسیدا لە چوارچێوەى بەرنامە و هەڵوێستى پارتى دیموکراتى کوردستانە و هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسێتىی مەسرور بارزانى، بەلاى پارتى و پارتییەکانەوە تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان و جەماوەرى بەهەڵوێستى پارتى".

مەحموود محەممەد دەڵێت: ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ ڕاى گشتى و خەڵکى خۆشەویستى کوردستان دووپاتى دەکەینەوە، نووسەران و هاندەرانى پشت ئەو ڕاگەیاندراوەى یەکێتى، لە ڕوانگەى دۆخى باڵباڵێنى ناو خودى خۆیانەوە، دەیانەوێت وێناى پارتیمان بکەن! پارتیمان خاوەن ڕێبازێکى ڕاست و دروست و خاوەن ڕابەر و مەرجەعێکە کە سەرۆک (مەسعود بارزانى)یە و هەموومان ڕێبوار و خەباتگێڕى ڕێبازى بارزانین و لە سایە و چەترى جەنابى سەرۆک بارزانیدا بۆ یەک ئامانج و یەک ڕێباز تێدەکۆشین".

Fly Erbil Advertisment