ئەحمەد کیکی: بەبێ ڕێککەوتنی نوێ بەشداریی ھیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ناکەین

ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە لێداونێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن پێویستیان بە بەشداریی فراکسیۆنی ئێمە هەیە، بەڵام تا ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسیی نەکرێت، بەشداریی ھیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین.

28ـی ئابی 2024، ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند: لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا، ھەموو ھەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی نیسابی یاسایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن تەواو بکرێت و کۆبوونەوە بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، چونکە تەنیا 13 ئەندامی ئەنجوومەن ئامادە بوون، لە کاتێکدا پێویستە 16 ئەندام ئامادە بن.

ئەحمەد کەنعان کیکی ئاماژەی بەوەش کرد، ھەر چەندە ھەڕەشە لە ئەندامانی ئامادەنەبوو کراوە، ئەگەر ئامادەی کۆبوونەوە نەبن کەسانی دیکە لە شوێنیان دادەنرێت، بەڵام ئەوە ناکرێت، چونکە ئەو ئەندامانە خەڵک دەنگی پێداون، کەس ناتوانێت لایان بدات.

کیکی گوتیشی: ئێمە بە دوو مەرج بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەکەینەوە، یەکەمیان لادانی سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی، دووەمیش ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسیی لە پارێزگای نەینەوا بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پارتی و نەینەوای یەکگرتوو، ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان گۆڕی کە بەشێک لەو ناوچانە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن و دەکەونە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

هاوکات فراکسیۆنی پارتی و نەینەوای یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و ئەندامێتیی خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد.

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێک دێت، بۆ دوو هاوپەیمانی سەرەکیی دابەش دەبێت، هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو کە 13 کورسیی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێدایە، لەگەڵ هاوپەیمانیێتی نەینەوای داهاتوو کە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی تێدایە و 16 کورسییان هەیە.

Fly Erbil Advertisment