سوپای ئەمەریکا 15 چەکداری داعشی لە عێراق کوشت

فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست "سێنتکۆم" لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، سوپای ئەمەریکا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە هێرشێکدا لە ڕۆژاوای عێراق 15 ئەندامی داعشیان کوشت.
سێنتکۆم لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە، ئەندامەکانی داعش چەندان چەک و بۆمب و پشتێنی تەقینەوەیان هەڵگرتبوو.
بەپێی بەیاننامەکە، ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سەر سەرکردەکانی داعش بووە ، بۆ تێکدان و سنووردارکردنی توانای داعش بۆ پلاندانان و ڕێکخستن و جێبەجێکردنی هێرشەکان دژی هاووڵاتییانی مەدەنی عێراق، هەروەها هاووڵاتییانی ئەمەریکی و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی لە سەرتاسەری ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەش دا، داعش بەردەوامە لە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و هاوپەیمانان و نیشتمانیان، فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشە عێراقیییەکان، بەردەوام دەبن بۆ لەناوبردنی تیرۆرستان.