سەرۆک بارزانی پلەی سەربازیی بە ئارین بارزانی بەخشی

ئەمڕۆ شەممە، 07-09-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی پلەی سەربازیی "ملازم"ـی بە ئاریین مەسرور بارزانی بەخشی.
ڕۆژی 9ـی ئابی 2024، دەرچووانی خولی 233 لە ئەکادیمیایی سەربازی ساندرهێرسی شاهانەی بەریتانیا، مەدالیای تەواوکردنی مەشق و ڕاهێنانیان وەرگرت، کە یەکێک لە دەرچووانی ئەو خولە، ئارین بارزانی بوو، کە لە نێو 290 کەسدا مەدالیای پێ بەخشرا، کە هێمای پاشای بەریتانیای لەسەرە.
ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی "ساندهێرس" کۆلێژێکی سەربازی کۆنی بەریتانیایە کە لە ساڵی 1802 دامەزراوە، یەکێکە لە ئەکادیمیا سەربازییە بەناوبانگەکانی بەریتانیا و بە ناوەندێکی سەرەتایی مەشق و ڕاهێنانی ئەفسەرانی سوپای شاهانەی بەریتانیا دادەنرێت. کۆلێژەکە دەکەوێتە شارۆچکەی ساندهێرس، بێرکشایر، لە کاتێکدا دەرگای سەرەکییەکەی دەکەوێتە شارۆچکەی کامبەرلی، باشووری ڕۆژئاوای لەندەن.
ئەو کۆلیژە ئامانجی ئەوەیە کە ببێتە ناوەندێکی نیشتمانیی بۆ سەرکردایەتیکردنی هەموو ئەفسەرانی سوپای بەریتانیا لە ئەکادیمیاکەدا، هەروەها ڕاهێنان بە هەموو ئەو قوتابیانە دەکرێت کە لەم زانکۆیە وەرگیراون. قوتابیانی ئەم زانکۆیە پێک دێن لە کوڕ و کچ، هەورەها بۆ ئەوەی ببن بە یەکێک لە ئەفسەرانی سوپای شاهانەی بەریتانیا و کۆلێژی ساندهێرس هاوتای کۆلێژی ڕۆیاڵ ناڤاڵ بریتانیا و کۆلێژی کرانوێڵی هێزی ئاسمانی شاهانەی سوپای بەریتانیایە.