ناوی ئەو گەڕەك و شوێنانەی ڕاستەوخۆ لە پڕۆژە گەورەكەی ئاوی هەولێر سوودمەند دەبن

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، ئاو دەگەیەنێتە گەڕەکەکانی نێوان هەردوو شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری و گەڕەکاکانی دوروبەریان، لەگەڵ دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، شاوێس، پیرزین، بەحرکە، عەنکاوە، سێبیران.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2024، پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، كە دوێنێ یەكشەممە 8/9/2024 بەردی بناغەكەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داندرا، ژمارەیەكی زۆر لە گەڕەك و زۆنەكانی دەوروبەری هەولێر لێی سوودمەند دەبن و هاوكات كێشەی ئاوی شاری هەولێر بە تەواوەتی چارە دەكات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ پڕۆژەكە بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی 100%ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگەی هەولێر چارە دەکات.

هەروەها توانای بەرهەمهێنانی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا هەیە، دوو وێستگە لەنێو یەک چوارچێوەدایە، ئەگەر هەر کێشەیەک بۆ وێستگەیەکیان دروست بێت، وێستگەکەی دیکە کار دەکات.

ڕاشیگەیاند، ئەو پرۆژەیە ئاو دەگەیەنێتە گەڕەکەکانی نێوان هەردوو شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری و گەڕەکاکانی دوروبەریان، لەگەڵ دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، شاوێس، پیرزین، بەحرکە، عەنکاوە، سێبیران.

دوێنێ یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پرۆژەیەکی ئاوی دانا، بەهۆیەوە "پارێزگای هەولێر تاوەکوو نزیکەی 30 ساڵی دیکە تووشی کێشەی کەمئاوی نابێت". ڕوونیشی کردەوە، بەشێکی لایەنەکان، کێشەکەیان کردووەتە "کەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی".

Fly Erbil Advertisment