بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ: سەرۆک وەزیران چوار ئامانجی لە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان هەیە
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئامانجی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە دروستکردنی پۆند و بەنداوە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.
سێشەممە، 17-09-2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بایەخدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتی کشتوکاڵ و ئامانجی دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی کوردستان24 بوو کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی کرد.
بە گوتەی کەریم سلێمان "کابینەکانی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی دیاریکراوی بەنداویان دروست کردبوون، بە هەمووانەوە توانای گلدانەوەی 50 ملیۆن مەتر سێجای ئاو هەبوو؛ بەڵام ئەو بەنداوانەی کابینەی نۆیەم دروستی کردوون، توانای گلدانەوەی زیاتر لە 160 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە".
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوە کرد "تەنها لەم ساڵدا، کابینەی نۆیەم شەش بەنداوی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە؛ کارکردن لە چوار بەنداوی دیکەش بەردەوامە و ئەمساڵ ئەوانیش تەواو دەبن". ڕوونیشی کردەوە "زێدەباری بەنداو، دەیان پۆندی سوودبەخش لە ماوەی کابینەی نۆیەم دروست کراون".
ئامانجی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە دروستکردنی پۆند و بەنداو، وەکوو ئەوەی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ باسی کرد، "ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پاراستنی ئاوی ژێر زەوی، پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و زیادکردنی بەرهەمی ماسییە".

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، "بایەخێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە و بە گوێرەی پلانێکی ستراتیجیی بۆ پێشختنی کەرتەکە کاری کردووە".
کەریم سلێمان لەبارەی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، گوتی: کابینەکانی پێشووتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنها پشتیان بە داهاتی نەوت دەبەست. ئامانجی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی بووە؛ هەر بۆیە زۆر بایەخی بە پێشخستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و کەرتەکانی دیکە داوە.
لەبارەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانیش، کەریم سلێمان گوتی "پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، هەشت سایلۆ لە هەرێمی کوردستان هەبوون؛ بەڵام بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە مەبەستی بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ، بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، تاوەکوو ئێستە سێ سایلۆی نوێ دروست کراون و پلان هەیە چەندی دیکەشیان دروست بکرێن".