یەکەمجارە کوردێکی سوننە مەزهەب دەبێتە پارێزگاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئارەش زرێتەن لهۆنی کەسایەتیی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئابی 2024، لە کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی پزیشکیان کرایە پارێزگاری سنە و ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران، کوردێکی سوننە مەزهەب ئەم پۆستەی پێ دەدرێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە مێژووی 44 ساڵەی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران، ئارەش لهۆنی، یەکەم کەسایەتی سوننەیە دەبێتە پارێزگاری سنە.
ئارەش زرێتەن لهۆنی، لە ساڵی 1975 لە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان لەدای کبووە و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی ئابووریی نێودەوڵەتی. لە یازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی گشتییەکانی ئێران، بە نوێنەری ناوچەکانی پاوە، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و ڕەوانسەر بووەتە ئەندامی پەرلەمان.
هەروەها لە چەند پۆستێکی ئیداریش بەرپرسیارێتی هەبووە، لەوانە سەرۆکی مانگی سووری کرماشان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سنە بووە.
لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی حکوومەتەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، ئارەش زێتەن لهۆنی، وەک 20مین پارێزگاری سنە دەست بەکار دەبێت.