بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران، بەردی بناغەی جووتسایدی شێخان- لالش دادەنرێت

بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی شێخان- لالش، لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستی پێ کرد.
بە تەواوبوون و کەوتنە کاری ئەو ڕێگایە، ئاسانکاریی بۆ خەڵکی سنووری پارێزگای دهۆک دەکرێت و ڕووداوی هاتوچۆش کەم دەبێتەوە.
ڕێگەوبان کۆڵەکە سەرەکییەکانی پڕۆژەکانە و هەمیشە سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەکاتەوە.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی هەزار و 314 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 107 ملیار دینار لە سنووری پارێزگای دهۆک دراوە؛ بەشێکی زۆریان تەواو بوون و کارکردن لە ژمارەیەکیشیان بەردەوامە.
لەو ژمارە پرۆژەیە، هەزار و 249ـیان لەلایەن کەرتی گشتییەوە جێ بەجێ کراون و کابینەی نۆیەم گوژمەی زیاتر لە دوو تریلیۆن و 18 ملیار دیناری بۆیان خەرج کردووە. 65 پرۆژەی دیکەش، بە گوژمەی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 89 ملیار دینار، لە لایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ کراون.