نیازی خالید: زیاتر لە 200 کیلۆمەتر دووجا خاکی بە مین چێنراو لە هەرێم ماوە
.jpg)
جێگری سەرۆکی دەزگای مینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕووبەری خاکی بە مین چێنراوی هەرێم 776 کیلۆمەتری دووجایە، لەماوەی 30 ساڵی ڕابردووەوەش، چەندان ڕێکخراو کۆمپانیای مین و دەزگای مین، کار دەکەن بۆ پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی مین، بەڵام تاکوو ئێستە زیاتر لە 200 کیلۆمەتر دووجا، خاکی بە مین چێنراو لە کوردستان ماوە.
شەممە، نیازی خالید، جێگری سەرۆکی دەزگای مینی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەڵگرتنەوەی مین دیاری نەکردووە، بەڵکو ئاژانسی بەریتانی بۆ هاوردەکردنی باربوو، 400 ملیۆن دۆلاری بە فەرمانگەی مینی بەغدا داوە، بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە هەموو عێراق.
جێگری سەرۆکی دەزگای مین دەڵێت: لەو 400 ملیۆنە کە پێی دەگوترێت قەرزی بەریتانی، ئێمەش وەکو دەزگای گشتیی بۆ کاروباری مین، لەو ڕێژەیە داوای پشکی خۆمان 12.27% کرد، ئەوەش بەپێی یاسای "دەستەی گشتیی بۆ چاودێریی و دەستنیشانکردنی هاوردەکردن"، بڕگەی 1ـی ماددەی 106 بە پێی ئەو یاسایە ئێمە داوامان کردووە ئەو ڕێژەمان پێ بدرێت.
دەشڵێت: ئێمە وەکو خۆمان کارمان لەسەر کردووە، چەندان نووسراومان کردووە، لە دواجاریش، شاندێکی ئێمە چووەتە بەغدا لەگەڵ شاندی ئەوان و ژینگە کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە.
هەروەها ئێمە توانیومانە 17 کیلۆمەتر و نیو مەتری دووجا، لە ڕووبەری بە تەقەمەنی داپۆشراوی کوردستان، بکەین بە پرۆژە و بۆ بەغدامان ناردووە بۆ ئەوەی لەو 400 ملیۆن دۆلارە ئەو ڕێژەمان پێبدەن کە دیاریمان کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 70 ملیار دینار.
گوتیشی: پرۆژەکەمان پێداون ڕووبەری هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە، ئەوەش دوای ئەو شاندەکەمان سەردانی کرد، دەبێت پرۆژەکە بنێردرێت بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراقی ئەگەر هەر کەمووکورتییەکی هەبێت، بۆمان دەگەڕێننەوە.
نیازی خالید باسی لەوەش کرد "ئەم بابەتە بە شێوەیەکی تەکنیکی جێبەجێ کراوە، ئەوەی ماوەتەوە ئەو بڕە پارەیەی داوامان کردووە پەسەند بکرێت، بەڵام دیار نییە ئایا بۆ ئەمساڵ دەبێت یاخود ساڵی داهاتوو، چونکە لەسەر ئەوان دەوەستێتەوە کە حکوومەتی عێراق پرۆسەکە چەند بە خێرایی بەڕێوەی دەبەن".
ئەوەشی خستە ڕوو: کۆی ڕووبەری بە مین چێنراوی خاکی هەرێم 776 کیلۆمەتری دووجایە، لەماوەی 30 ساڵی ڕابردووش، چەندان ڕێکخراو کۆمپانیای مین و دەزگای مین، کار دەکەن بۆ پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی مین، نزیکی 520 کیلۆمەتری دووجا خاکی کوردستان پاککراوەتەوە، بەڵام تاکوو ئێستە زیاتر لە 200 کیلۆمەتر دووجاـ ی بەمین چێنراو لە کوردستان ماوە، ئەوەی ماوەتەوە ئێمە کاری لەسەر دەکەین.
جێگری سەرۆکی دەزگای مین باس لەوەش دەکات کە تاکوو ئیستە تیمەکان بەردەوامن لە کارکردن و پاککردنەوەی خاکی هەرێم لە مین، بەردەوامیش ژمارە دەگۆڕدرێن، چونکە سروشتی مین وایە بەرز دەبێت و کەم دەبێت ئەوەش بەهۆی زیاد بوونی کێڵگەی مین و پاککردنەوەی ئەو کێڵگانە.
نیازی خالید ڕاشیگەیاند "ئێمە لە سنوورەکان ناتوانین ئەوانە ڕوو پێو بکەین، چونکە لەبەر باری ئەمنیی، ڕووبەڕێکی زۆریش ماوە بەتایبەت لە سنووری ئێران و تورکیا، دەزانین مین و تەقەمەنی لەو ناوچە سنووریانە زۆرە، بەڵام زانیارییەکی وردمان لەسەریان نییە".
بهپێی ڕێكهوتننامهى ئۆتاوا، پێویسته سەرجەم عێراق له ساڵى 2028 دا پاككرابێتهوه له مین و تهقهمهنییهكان، بەڵام ئهو ماوهیهى كه ماوه زۆر كهمه و ناتواندرێت پاكبوونهوهى عێراق و ههرێمی كوردستان تاوهكوو ئهو ساڵه له مین و تهقهمهنى ڕابگهیهنن، چونكه تەنیا دەزگای مینی ههرێمی كوردستان پێویستى به زیاتر له یهك ملیار دۆلاره تاوهكوو بتوانێت مین و تهقهمهنییهكانى نههێڵێت.
ڕێكهوتننامهی ئۆتاوا له ساڵی 1997 له نێوان زیاتر له 164 وڵاتی جیهان له شاری ئۆتاوای پایتهختی كەنەدا بۆ قهدهغهكردنی بهكارهێنان و عهمباركردن و بهرههمهێنان و گواستنهوهی مینی دژهكهسی مۆر کرا. عێراقیش لهساڵی 2008 بهشداری له ڕێكهوتنهكه كرد كه بۆ ماوهی 10 ساڵ بتوانێ كۆتایی به مینی دژهكهسی له خاكی عێراق و ههرێمی كوردستان بهێنیت.