ئەپیکور داوای کۆبوونەوەی سێقۆڵی و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات

ئەپیکور: پێویستە هەرچی زووە کێشەکان لە بەرژەوەندی هەمووان چارە بکرێت

لۆگۆی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)
لۆگۆی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە پەیامێکدا، جارێکی دیکە داوای دەستپێکردنی دانووستانی سێقۆڵی هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت دەکات بۆ ئەوەی هەرچی زووە کێشەکان لە بەرژەوەندی هەمووان چارە بکرێت و هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان  (ئەپیکور) داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکات بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان چارە بکەن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی لوولەی نەوتی عێراق - تورکیا هەناردە بکرێتەوە.

ئەپیکور ئاماژەی دا، لێدوان و ڕاگەیاندراوەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بووەتە هاندەرێک بۆ ئەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنەری نەوت چارەیەک بدۆزنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت دەکەن.

مەسرور بارزانی: ئەگەر نیەت و نیازپاکی هەبێت، چارەسەر ئاسانە. بە دڵنیاییەوە ئێمە ئەو نیازەمان هەیە و چەندان جار دووپاتمان كردۆتەوە

پەیامە نوێیەکەی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە کاتێکدایە کە 20ی ئەم مانگە، کەناڵی ئەلعەرەبییە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر چەند پرسێک بڵاو کردەوە، لە نێویاندا لەسەر چۆنێتی چارەکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. سەرۆک وەزیران هەڵوێستی حکوومەتی ڕایگەیاند و گوتی: ئەگەر نیەت و نیازپاکی هەبێت، چارە ئاسانە. بە دڵنیاییەوە ئێمە ئەو نیازەمان هەیە و چەندان جار دووپاتمان كردۆتەوە، هەنگاوی ئەرێنی هەن كە ناومانن بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی عێراق، هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بابەتێكی سوودبەخش بوو بۆ بەرژەوەندیی عێراق و وەستاندنیشی زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاند. بۆ زانیاریتان، وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە بە هۆی ئەوەی زیاتر لە 19 ملیار دۆلاری زیانمان پێ بکەوێت، زۆربەی ئەو زیانەش بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، چونكە حكوومەتی فیدراڵی هیچ ئامادەییەكی نیشان نەداوە بۆ قەرەبووكردنەوەی هەرێمی كوردستان لەو زیانەی بەری كەوتووە. هەروەها تاوەكوو ئەو بڕیارە بەردەوام بێت، زیانەكانیش بەردەوام دەبن. بۆیە ئێمە وای دەبینین كە چارەكردنی ئەو كێشەیە  بە شێوەیەكی گشتی بۆ عێراق سوودبەخش دەبێت.

هەروا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئێستا دوو خاڵی سەرەكی ماون كە پێموایە چارەكردنیان زۆر ئاسانە، یەكەمیان خۆی لە تێچووی ڕاستەقینەی دەرهێنانی نەوت دەبینێتەوە. كێڵگەكانی كوردستان جیاوازن و جۆری نەوتیش لەو كێڵگانە جیاوازن، ئێستاش دانوستان لەبارەی دیاریكردنی نرخی كێڵگە نەوتییەكان لە تەواوی عێراق هەیە. لەو ناوچانەی كە نەوتی قورسیان تێدایە، دەرهێنان زەحمەت دەبێت و نرخەكەش بەرز دەبێت بە جۆرێك كە لە 30 دۆلار كەمتر نییە، بۆیە نابێت نرخێكی یەكگرتوو لە بودجەدا جێگیر بكرێت کە بە 6 یان 8 دۆلار دابنرێت و بەسەر هەموو عێراقدا بگشتێندرێت، ئەمە بابەتێكی مەحاڵە، چونكە كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان هەموویان بیانین و بەشێك لە سەرمایەكانیان بۆ دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێناوە، بەشێكیشی وەك تێچووی گەڕاندنەوە لەوەی لە نەوت دەردەهێندرێت، بەشێكی دیكەی وەبەرهێنانەكەشیان بەپێی گرێبەستەكانە، ئەوەی دەمێنێتەوە لە قەرزە كەڵەكەبووەكان وەردەگیرێت، بە كۆكردنەوەی هەموو ئەو تێچوونانە، تێچوونی ڕاستەقینەی دەرهێنانی نەوت دەردەكەوێت.

ئۆپێک داوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات

لە کۆتاییەکانی ئابی ئەم ساڵ، ڕێکخراوی ئۆپێک بە فەرمی، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراقی ئاگادار کردەوە کە دەبێت بە فەرمی ڕێگە بە هەرێمی کوردستان بدات ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکاتەوە.

زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 19 ملیار دۆلارە

هەناردەی نەوتی لە ڕێگەی لوولەی عێراق - تورکیا لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە ڕاگیراوە کە بڕی هەناردەکردنەکە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل بوو، بە گوێرەی ئامارەکان لەوەتە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگیراوە بە هۆیەوە زیاتر لە 19 ملیار دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە، کە زۆربەی زیانەکەش بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، چونكە حكوومەتی فیدراڵی هیچ ئامادەییەكی نیشان نەداوە بۆ قەرەبووكردنەوەی هەرێمی كوردستان لەو زیانەی بەریكەوتووە. هەروەها بە گوێرەی ئامارێکی ئەپیکور، بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەڕێژەی 60% کەم بووەتەوە و سەدان کەسیش بێکار بوون.

Fly Erbil Advertisment