ئێران.. ساڵی نوێی خوێندن بە بێبەشبوونی 790 هەزار منداڵ دەستی پێ کرد

یەکشەممە 22ی ئەیلوولی 2024، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندنە و بە گوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی لە ئێران 790 هەزار منداڵ لە قوتابخانەکان تۆمار نەکراون.
ئاژانسی تەسنیمی ئێران لەسەر زاری محەممەد عەلەوی تەبار، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشکرای کردووە "لەگەڵ ئەوەی قوتابخانەکان بەر ڕووی قوتابییاندا دەکرێنەوە و ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات، کەچی هێشتا 790 هەزار قوتابی ناویان لە هیچ قوتابخانەیەک تۆمار نەکراوە".
هەروەها ئاماژەی داوە، هیچ کاتێک لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دۆخی کەرتی پەروەردە و فێربوون بەم جۆرە نەبووە و جیا لەوەی 790 هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشن، 100 هەزار قوتابیش هێشتا کتێبی قوتابخانەیان نەکڕیوە.
16 ملیۆن قوتابی دەگەڕێنەوە بەر خوێندن و 790 هەزار منداڵیش بێبەشن لە خوێندن
ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی نزیکەی 16 ملیۆن قوتابی دەستی پێ کرد و بە گوێرەی دوایین ئاماری پەروەردە هێشتا 790 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکان تۆمار نەکراون.
کۆی قوتابیانی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی نزیکەی 9 ملیۆن و 200 هەزارە، قۆناغی خوێندنی ناوەندی نزیکەی 3 ملیۆن و 800 هەزار قوتابین، قۆناغی ئامادەییش نزیکەی 2 ملیۆن و 900 هەزار قوتابی دەبن.
هەر بە گوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بۆ ئەم ساڵ یەک ملیۆن و 500 هەزار قوتابی نوێ لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی دەست بە پرۆسەی خویندن و فێربوون دەکەن.
لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەر لە کەرتی گشتی، دوو ملیۆن و 500 قوتابی لە 18 هەزار قوتابخانەی کەرتی تایبەت لە قۆناغە جیاوازەکان دەخوێنن.
هۆکاری دابڕانی 790 هەزار منداڵ لە پرۆسەی خوێندنی ساڵی نوێ
بەگوێرەی دوایین ئەو ئامارانەی محەممەد عەلەوی تەبار، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی ئێران ئاشکرای کردووە، بەشێکی ناونووس نەکردنی منداڵانی ئێران لە قوتابخانە بۆ خوێندنی ساڵی نوێی 204-2025 دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشانەی لە بەشێک لە قوتابخانەکانی حکوومی دروست بووە، بەهۆی ڕەتکردنەوە و تۆمارنەکردنی ناوی قوتابییان بە پاساوی نەبوونی کورسیی خوێندن، ئەمەش بووەتە هۆیەک بۆ سەر لێشواویی خێزانەکان و نا دڵنیایی بۆ تۆمارکردنی منداڵەکانیان لە قوتابخانەی دیکە.
ڕێکخراوە ئاماژەی داوە، هەرچەندە 154 ملیۆن کتێبی پرۆگرامی خوێندن چاپکراوە و بۆ فرۆشتن ئامادە کرابوون، بەڵام تاوەکوو ئێستا 890 هەزار قوتابی هیچ کتێبێکی پرۆگرامی خوێندنیان نەکڕیوە لە کاتێکدا 100 هەزار قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندن ناویشیان تۆمارکراوە.
کەرتی گشتی پەروەردەی ئێران 176 هەزار مامۆستایان پێویستە
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی کەرتی گشتی 176 هەزار مامۆستا بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن کەمی کردووە و لەنێویاندا بڕیارە 93 هەزار دەرچووی زانکۆکان دوای تاقیکردنەوە بە گرێبەست وەربگیرێن، ئەوانی دیکەش بە وانەبێژ و خۆبەخش و مامۆستایانی خانەنشین پڕ بکرێتەوە.