سبهینێ ساڵی نوێی خوێندن دهست پێدهكات؛ "نزیكهی ملیۆنێک و 800 قوتابی لە هەرێمی کوردستاندا هەن"

K24 – هەولێر:
سبەینێ چوارشەممە، 25-09-2025، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان لێ دەدرێت و ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
د. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، بە بەشداریی زیاتر له یەک ملیۆن و 720 هەزار قوتابیی قوتابخانە حکوومی و زیاتر لە 132 هەزار قوتابیی قوتابخانە ناحکوومییەکان دەست پێدەکات.
باسی لهوهش کرد، وەزارەتی پەروەردە خاوەنی زیاتر لە 118 هەزار مامۆستای دامەزراو (میلاک) و زیاتر لە 38 هەزار مامۆستای گرێبەستە و هەمووان پێکەوە ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 بەڕێوە دەبەن.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: تا ئێستا 1700 باڵەخانەی پەروەردە نۆژەن کراونتەوە، هەروەها 194 قوتابخانە و باڵەخانەی نوێ لە کابینەی نۆیەم تەواو کراون.
ناوبراو لەبارەی قوتابی عەرەب گوتی: 191 هەزار قوتابی عەرەب لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن. لەبارەی قوتابخانەی سێ دەوامیش، سامان سیوەیلی دەڵێت: تەنیا 13 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستاندا ماون کە سێ دەوامی تێدا بکرێت.