مەسرور بارزانی دوو "موژدە"ـی بۆ خەڵکی کۆیە ڕاگەیاند

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتاری ڕێوڕەسمی لێدانی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، لە قوتابخانەی "نەجیبەخانی جەلی زادە"ـی کۆیە، "دوو موژدە"ی بۆ خەڵکی ناوچەکە ڕاگەیاند.
مەسرور بارزانی لەبارەی موژدەی یەکەم، ئاماژەی بەوە کرد، "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دروستکردنی جووتسایدی هەولێر - کۆیە دەکەین کە خواستێکی دێرینی خەڵکی کۆیە و هەولێر بووە".
وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران باسی کرد "دەزانم لە ساڵی 2012ـەوە هەوڵ دراوە و بەردی بناغە بۆ ئەم ڕێگەیە دانراوە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز تا ئێستا ئەم پرۆژەیە جێ بەجێ نەکراوە. هیوادارم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئینشائەڵلا، بڕیاری ئەوەمان داوە دەست بە ئەنجامدان و تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە بکەین".
مەسرور بارزانی موژدەیەکی دیکەی بۆ خەڵکی کۆیە ڕاگەیاند و ئەوەی خستە ڕوو، "بڕیارمان داوە بە قەزاکردنی ناحیەی تەقتەق وەکوو یەکێک لە کۆنترین ناحیەکانی کوردستان کە ئەمەش یارمەتیدەرێکی زۆر دەبێت بۆ خەڵکی ناوچەکە و بارگرانی ئیداری لەسەر شاری کۆیە کەم دەبێت و تایبەتمەندییەکی زیاتریش بە تەقتەق دەدرێت؛ هیوادارم دیسان ئەمە بکەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان، بە تایبەتی خەڵکی کۆیە و تەقتەق".