پاپای ڤاتیکان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات شەڕی لوبنان ڕابگرن

پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان ڕایگەیاند، زۆر نیگەران و خەمبارە بە کوژرانی خەڵکی لوبنان بەهۆی بۆمبارانی ئیسرائیلەوە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە شەڕ دەستی پێ کردووە.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند، "من زۆر نیگەران و خەمبارم سەبارەت بە ڕووداوەکانی لوبنان، بۆمباران بووەتە هۆی قوربانییەکی زۆری سڤیل لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا".
ئاماژەی بەوەش داوە "هیوادارم کۆمەلگەی نێودەوڵەتی هەنگاو بۆ خاوکردنەوە ئەو گرژییە مەترسیدارانەی لوبنان بنێت".
پاپا گوتیشی: "هاوسۆزیی خۆم بۆ خەڵکی لوبنان دەردەبڕم، کە لەماوەی ڕابردوودا ئازاری زۆریان چەشتووە نزا بۆ ئەوە کەسانە دەکەم کە لەلوبنان بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها نزا بۆ قوربانیانی ئیسرائیل، سوودان، فەڵەستین و ئۆکرانیا دەکەم".
لە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 23-09-2024، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان و ڕایگەیاند، زیاتر لە 300 پێگە و مۆڵگەی چەکدارانی حزبوڵلای لوبنانیان لە شارۆچکەکانی کەرتی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و باشووری لوبنان بۆمباران کردووە.
لەو بارەوە یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە کەناڵ12ـی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ئەوەی ئێستە لە باشووری لوبنان ڕوو دەدات "قۆناغێکی نوێی شەڕە" و داوای لە هاونیشتمانییانی کرد "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئارامیی خۆیان ڕابگرن".
لەلایەکی دیکەوە دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی سەر پێگەکانی حزبوڵڵای لوبنانی، "هێرشێکی پێشوەختە بووە" دوای ئەوەی زانیویانە حزبوڵلا ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی هێرشی مووشەکی بکاتە سەر ئیسرائیل.