رووماڵ

مەسرور بارزانی: هەڵبژاردن تەنیا بۆ پێکهێنانی حکوومەت نییە بەڵكو بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پارتی، ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردن تەنیا حووکمڕانی چوار ساڵی داهاتوو دیاری ناکات بەڵكو بڕیارێکی چارەنووسسازە. گوتیشی:هەڵوێست وەرنەگرتن هەڵویستە و ئەگەر کەسێک دەنگ نەدات کەسانێک لەبری ئەو بڕیار دەدەن.

پێنجشەممە 26ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی شاری هەولێر کۆ بووەوە.

هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی، لە میانی گوتەیەکدا ڕایگەیاند، هەر بڕیارێک لە هەڵبژاردندا بدرێت کاریگەریی لەسەر تاک بە تاکی هاووڵاتییان دەبێت، بۆیە دەبێت گوتارێکی ڕاوشکاو  و ڕاستگۆیانەمان هەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵوێست وەرنەگرتن هەڵویستە و ئەگەر کەسێک دەنگ نەدات کەسانێک لەبری ئەو بڕیار دەدەن.

مەسرور بارزانی، گوتی: هەڵبژاردن تەنیا حووکمڕانی چوار ساڵی داهاتوو دیاری ناکات، بەڵكو بڕیارێکی چارەنووسسازە.جەختی لەوەش کردەوە، هەڵبژاردن تەنیا پێکهێنانی حکوومەت نییە، بەڵكوو بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

جێگری سەرۆکی پارتی، دەڵێت: دەبێت چاومان لەوە بێت کوردستان ببێتە خۆشترین و پێشکەوتووترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام دەستی ناوخۆ هەیە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانمان دەکات.

ڕۆژی سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024، کاتژمێر 12ـی شەو، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.