ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2025 لە عێراق کۆتایی دێت

ئاڵاکانی ئەمەریکا و عێراق
ئاڵاکانی ئەمەریکا و عێراق

K24 – هەولێر:

عێراق و ئەمەریکا لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد، کە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2025 کۆتایی دێت.

هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 عێراق و ئەمەریکا ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، عێراق و ئەمەریکا پەیوەندییەکی ستراتیجییان هەیە، هەروەها ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ماوەی 12 مانگی داهاتوو کە دەکاتە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2025 لە عێراق کۆتایی دێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا تا مانگی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەسەڵاتی باڵای سەربازیی پابەندە بە داڕشتنی ڕێکارە پێویستەکان بۆ بەدیهێنانی ئەوەی لە بڕگەکانی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.

دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ پەیوەندیی دوو قۆڵی ئەمنی لەگەڵ عێراق بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی عێراق و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەگۆڕێت، هەروەها لێژنەی باڵای سەربازی عێراق و ئەمەریکا پابەندەبن بەدانانی رێکارەکان و کات و میکانیزەمی جێبەجێکردنی گۆڕینی ئەرکەکە.

عێراق سوپاسی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکات بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە پێشکەشی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هەروەها شکستپێهێنانی رێکخراوەکە.

Fly Erbil Advertisment