مەسرور بارزانی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه چاره‌نووسسازه
مەسرور بارزانی: پارتی بۆ ئه‌وه دروست بووه ڕووبه‌ڕووی سته‌م و سته‌مكاری ببێته‌وه
شەممە 28ـی ئه‌یلوولی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکار، وەبەرهێنەر، بازرگانان و ئەندامانی ژووری بازرگانانی هەولێر گوتارێكی پێشکەشی کرد و ڕایگه‌یاند، پارتی له سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه بۆ ئه‌وه بووه، به‌رگری له پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كوردستان بكات، بۆ ئه‌وه بووه چه‌ترێك دروست بكات هه‌موو پێكهاته‌كان به هه‌موو ئایین و پێكهاته جیاوازه‌كانه‌وه له‌ژێر چه‌تری پارتی جێگه‌یان ببێته‌وه.
مەسرور بارزانی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌تایبه‌ت چاره‌نووسسازه، چونكه ئایینده‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێوه به‌نده
لە سەرەتای گوتارەکەیەوە، مەسرور بارزانی گوتی: به‌ڕێزان ئه‌مڕۆ كۆبووینه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باس له بابه‌تێكی زۆر گرنگ بكه‌ین، كه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه و بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی هه‌ر هه‌موومان ده‌بێت، هی ئێوه و هی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان.
گوتیشی: ڕاسته ده‌گوترێت هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك چاره‌نووسسازه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌تایبه‌ت چاره‌نووسسازه، چونكه ئایینده‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێوه به‌نده. هه‌ر بڕیارێك بدرێت، ئێمه بڕیار له‌سه‌ر ئایندهی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ین، بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆتان ده‌ده‌ن، بڕیار له‌سه‌ر ئایندهی ژیانی خۆتان ده‌ده‌ن، هی منداڵه‌كانتان، هی كار و كاسبیتان ده‌ده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه زۆر گرنگه بڕیاری هه‌موو لایه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆتان و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستاندا بێت.
مەسرور بارزانی: پارتی دروستبووه بۆ ئه‌وه‌ی له پێناو به‌دیهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه خه‌بات بكات
هەر لە گوتارەکەیدا ئاماژەیدا "بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بزانین چۆن بڕیار ده‌ده‌ین، خۆشتان باشتر له من ده‌زانن، ململانێیه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی هه‌یه و هه‌ر یه‌كێكیش به‌ڵێنی جیا جیا ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی چی بكه‌ین و چۆن به‌ره‌و ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بڕۆین؟ خه‌ڵكیش حه‌ق و مافی خۆیه‌تی داوای ده‌نگدان له ئێوه بكات، به‌ڵام من داواتان لێده‌كه‌م پێداچوونهیهك به ڕابردووی هه‌موو لایه‌نه‌كاندا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن هۆكاری دروستبوونی ئه‌و ڕێكخراوه سیاسییانه و ئه‌و حزبه سیاسییانه چی بووه؟ من زۆر به كورتی بۆتانی باس بكه‌م كه پارتی له سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه بۆ ئه‌وه بووه، به‌رگری له پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كوردستان بكات، بۆ ئه‌وه بووه چه‌ترێك دروست بكات هه‌موو پێكهاته‌كان به هه‌موو ئایین و پێكهاته جیاوازه‌كانه‌وه له‌ژێر چه‌تری پارتی جێگه‌یان ببێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی سته‌م و سته‌مكار ببنه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناو به‌دیهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه خه‌بات بكات.
مەسرور بارزانی: پارتی له په‌یام و به‌ڵێنه‌كانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان ڕاستگۆ بووه و مساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر هیچ مافێكی ده‌ستووری و یاسایی و ئاسایی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كردووه
مەسرور بارزانی: به داخه‌وه لایه‌نی هه‌بوون له كوردستان په‌نایان بردووه‌ته به‌ر تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی كوردستان
مەسرور بارزانی گوتی: پێموایه پارتی له‌م په‌یامه‌یدا ڕاستگۆ بووه، هه‌ر له سه‌رده‌می جه‌نابی بارزانی نه‌مر و سه‌رده‌می جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، پارتی ڕاستگۆ بووه له به‌ڵێنه‌كانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان له خه‌بات و تێكۆشانی خه‌ڵكی كوردستان، له‌وه‌ی كه مساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر هیچ مافێكی ده‌ستووری و یاسایی و ئاسایی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كردووه. لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش، حزبی سیاسی هه‌یه له كوردستان له قۆناغی جیاوازدا هه‌ر یه‌كێك به شێوازێك كار دەكات، به‌ڵام دروستبوونی ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه زۆر جیاوازه له دروستبوونی پارتی، پارتی دروست بوو، چونكه بوونی ئێمه وه‌كوو نه‌ته‌وه، نیشتمانی ئێمه وه‌كوو كوردستان، له‌ژێر مه‌ترسی له‌ناوچووندا بوو، ئه‌وان دروست بوون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، چونكه له پارتی جیا بوونه‌وه، كه‌واته بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕزگاریخوازی كوردستانی هه‌بووه، وه‌ختێك كه پارتی دامه‌زرا، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه دروست كرا، كه‌واته پێویست نه‌بوو بیر له بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ڕزگاریخوازی بكاته‌وه، چونكه دروشمه‌كان یه‌كه، تۆ له‌پێناو وڵاته‌كه‌ت و خاكه‌كه‌ت و نیشتمانه‌كه‌ت و كه‌ڕامه‌تی میلله‌ته‌كه‌ت خه‌بات ده‌كه‌یت، ئه‌ی بۆ ئه‌م جیاوازییه؟ جیاوازیی دووبه‌ره‌كی، لاوازكردنی به‌ره‌ی ڕزگاریخوازیی كوردستان. ئه‌دی بۆ كرا؟ زۆر دیاره و زۆریش ئاساییه، كه دیاره بابه‌تی شه‌خسی بووه. ئینجا بۆ ئه‌مه گرنگه، من كه باسی ڕابردوو ده‌كه‌م، چونكه ئه‌م ململانێیه ته‌واو نه‌بووه، ئه‌و ململانێ سیاسییه عه‌سكه‌رییه كه پێشتر هه‌بووه، تاكوو ئێسته به‌رده‌وامه، به‌ڵام ئێسته جۆره‌كه‌ی گۆڕاوه، ئێسته له بری ئه‌وه‌ی به شه‌ڕ و له جه‌بهه و به شێوازی تر ململانێ بكرێت، له‌سه‌ر سندووقی ده‌نگدان و به شێوازی دیموكراتی ئه‌و ململانێیه ده‌كرێت، خۆزگه هه‌ر وایش بووایه، خۆزگه ململانێیه‌كی سیاسیی بووایه، خۆزگه له‌سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان ئێمه ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان ببایناینهوه و هه‌ر كه‌سێك به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی بڕوای خه‌ڵكی وه‌رگرتووه، بیتوانیبایه حوكمڕانی بكات، به‌ڵام به داخه‌وه لایه‌نی تر هه‌بوون له كوردستان په‌نایان بردووه‌ته به‌ر تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی كوردستان بۆ لاوازتركردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بپارێزن.
مەسرور بارزانی: هەندێک کەس هەوڵیانداوە و ئامادەبوون لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان قەوارەی هەرێمی کوردستان بە تەواو تێک بدەن
هەر لە گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی گوتی: ئەم هەڵبژاردنە ئێمە دەخاتە سەر دوو ڕییانێک، هەندێک سەیری ڕابردووی خۆشمان بکەن دیارە، هەندێک کەس هەوڵی ئەوەیانداوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل و لاواز بکرێت، مافەکانی خەڵکی کوردستان ڕادەستی دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا بکرێت، مووچە و بودجە ڕابگیرێت، دابەشی و جیاکاری لە کوردستان دروست ببێت. شکۆی پێشمەرگە بشکێت و خاکی هەرێمی کوردستان ڕادەست بکرێت، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئامادەبوون ئەم قەوارەیە تەواو تێک بدەن، ئەمە ئەو بەرەیە ئەگەر ئێستاش سەیری دروشمەکانیان بکەین زۆر بە ڕاشکاوی تەعبیرێکی زۆر بە ڕاستگۆیانەیە لە کردارەکانیان دەڵێن "ڕایدەگرین"، "ئیتر بەسە"، "تێکی دەدەین"، نایهێڵین"، "دەیوەستێنین"، ئەم جۆرە دروشمانە هەمووی دروشمی تێکدان و وێرانکاری و تاریکی و وەستاندن، نەمبینی یەکێک باسی ئایندە و ئومێد بکات یان باسی پێکەوە ژیان و سەرکەوتن بکات یان باسی باشترکردنی دۆخی خەڵکی کوردستان بکات، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
مەسرور بارزانی: پارتی سەرکردایەتی به‌ره‌ی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئومێد به‌خشین به گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێی گه‌له‌كه‌مان ده‌كات
هەر لە گوتارەکەیدا، جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: به‌ره‌یه‌كی تر هه‌یه كه به‌ره‌ی پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه، به‌ره‌ی ڕێزگرتنه له خوێنی شه‌هیدان، به‌ره‌ی ڕێزگرتنه له خه‌باتی پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی خۆڕاگری كوردستان، به‌ره‌ی ئاوه‌دانی ڕوو له ئایینده، به‌ره‌ی گه‌شه‌كردنی كوردستان، به‌ره‌ی ئومێد بهخشینە به گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێی گه‌له‌كه‌مان. ئه‌م به‌ره‌یه ئێسته پارتی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، بۆیه ئێسته ئێوه له‌م دووڕییانهن، ده‌تانه‌وێت ده‌نگ به كام به‌ره بده‌ن؟ ده‌تانه‌وێت ده‌نگ به كام بیر و بۆچوون بده‌ن؟ ئایا به هه‌مان ڕه‌وتی كه تاكوو ئێسته هاتووه، ئه‌و هه‌موو ئاژاوه و ئه‌و هه‌موو كێشه و گرفتانه به‌رده‌وام بن، یانیش ده‌تانه‌وێت له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی بارزانی و له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، كوردستانێكی به‌هێز و یه‌كده‌ست دروست بكه‌ین، كه نه‌ك ته‌نیا ئه‌م قه‌واره‌یه بپارێزێت، به‌ڵكوو ده‌ستكه‌وتی زیاتریش بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات.
مەسرور بارزانی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بۆ ئه‌وه‌یه ئێوه بڕیار بده‌ن
مەسرور بارزانی: هه‌موومان بچین ده‌نگ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر و مسۆگه‌رتر و كوردستانێكی سه‌قامگیرتر بۆ خۆمان بونیات بنێین
هەروا مەسرور بارزانی گوتی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بۆ ئه‌وه‌یه ئێوه بڕیار بده‌ن، مه‌ڵێن ئیمه حه‌قمان نییه، پێشتریش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك براده‌ری تر دانیشتوومه و هه‌مان قسه‌م كردووه، مه‌وقیف وه‌رنه‌گرتن مه‌وقیفه، ئێوه كه ده‌ڵێن ئێمه حه‌قمان نییه با خه‌ڵكێكی حزبی بچێت دهنگد بدات، با ئه‌وه‌ی سوودمه‌نده بچێت ده‌نگ بدات، باوه‌ڕ بكه‌ن ئه‌مه هیچ له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، چونكه ئه‌گه‌ر ئێوه ده‌نگ نه‌ده‌ن، خه‌ڵكی دیكه له جیاتی ئێوه ده‌نگ ده‌دات، خه‌ڵكی تر بڕیار له‌سه‌ر ئایینده‌ی ئێوه ده‌دات، له‌سه‌ر منداڵه‌كانی ئێوه بڕیار ده‌دات، له‌سه‌ر شێوازی ژیانی ئێوه بڕیار ده‌دات، بڕیار له‌سه‌ر شێوازی كار و كه‌سابه‌تی ئێوه بڕیار ده‌دات. ئێسته ئه‌گه‌ر ئێوه خۆتان نه‌چن ده‌نگ بده‌ن، خه‌ڵكی تر له جیاتی ئێوه بڕیار له چاره‌نووس و ئایندهی ئێوه ده‌دات، ئایا ئه‌مه‌تان به‌دڵه، یانیش ئه‌گه‌رنا ده‌بێت ئێوه هه‌ڵوێستتان هه‌بێت، نه‌ك ته‌نیا خۆتان، كه‌سوكارتان، ده‌وروبه‌رتان، ناسیارتان و هه‌ر كه‌سێك ئێوه بتوانن كاریگه‌ریتان له‌سه‌ر بێت، هه‌روه‌ها بۆچوونی خۆشتانی پێ بڵێن، ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئێوه هه‌مووتان بچین ده‌نگ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر و مسۆگه‌رتر و كوردستانێكی سه‌قامگیرتر بۆ خۆمان بونیات بنێین. من لێره‌وه داواتان لێده‌كه‌م و هیوادارم ئێوه له‌گه‌ڵ من هاوڕا بن و ڕۆژی 20ـی ئۆكتۆبه‌ر، ده‌نگ به لیستی 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن.
مەسرور بارزانی: پارتی به‌م جۆره سه‌یری هه‌ڵبژاردن ده‌كات، ئێمه ده‌مانه‌وێ ڕووی گه‌شی ئه‌م هه‌ڵبژادنه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆمان باس بكه‌ین، باسی ئاوه‌دانی و باشترکردنی ژیانمان بكه‌ین
مەسرور بارزانی: ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌ڵێن "كۆتایی پێ ده‌هێنین"، ئێمه‌ش ده‌ڵێین "ناتوانن" و باشتری ده‌كه‌ین
گوتیشی: من نامه‌وێت بچمه ناو دروشم و په‌یامی بێناوهرۆك، هه‌روه‌ها نامه‌وێ وه‌ڵامی قسه‌ی سووكی كه‌سیش بده‌مه‌وه، چونكه قسه‌ی سووك زۆر هه‌رزانه، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت ده‌توانێت قسه‌ی هه‌رزان و سووك بكات، به‌ڵام هه‌موو كه‌س هه‌رزان و سووك نییه، ئه‌و قسانه بكات، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه ناده‌ینه‌وه. من ده‌مه‌وێ له جیاتی ئه‌وه‌ی باسی گرفته‌كان بكه‌ین، باسی تێكدان و ڕاگرتن و وێرانكردن و نه‌هێشتن و ئه‌و جۆره دروشمانه بكه‌ین، من ده‌مه‌وێ ئێمه لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بكه‌ینه‌وه، كه پارتی به‌م جۆره سه‌یری هه‌ڵبژاردن ده‌كات، ئێمه ده‌مانه‌وێ ڕووی گه‌شی ئه‌م هه‌ڵبژادنه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆمان باس بكه‌ین، باسی ئاوه‌دانی بكه‌ین، باسی ئه‌وه بكه‌ین چۆن ژیانمان باشتر بكه‌ین؟ باسی ئه‌وه بكه‌ین منداڵه‌كانمان چۆن به‌خته‌وه‌رتر بن؟ باسی ئه‌وه بكه‌ین داهاتمان چۆن زیاتر بێت؟ باسی ئه‌وه بكه‌ین، ئه‌و قه‌یران و كێشه و گرفتانه‌ی كه هه‌یه، ئیتر جارێكی تر نه‌بنه‌وه به سه‌ردێڕی هه‌واڵه‌كان. ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌نگاو به‌ره‌و ئایینده‌یه‌كی ڕووناكتر بنێین، نامانه‌وێت له تاریكی‌دا بژین، ده‌مانه‌وێت به‌ره‌و ڕووناكی هه‌نگاو بنێین، جیاوازی ئێمه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه ئه‌وه‌یه، هیچ په‌یامێكیان پێ نییه بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان به‌ره‌و كوێ بچێت؟ به‌ڵكوو ته‌نیا هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه پارتی ڕابگرن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێت سه‌ركردایه‌تی ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه بكات و به‌ره‌و قۆناغێكی ڕووناكتر هه‌نگاو بنێت. ئێمه ده‌ستمان كردووه بۆ گه‌یشتن به قۆناغێك و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ڕێگریمان لێ بكه‌ن و نهیگهینه ئه‌و قۆناغه. واته دوو ئامانجی زۆر جیاوازمان هه‌یه، ئێمه ڕوومان له پێشكه‌وتنه، ئه‌وان ڕوویان له پاشخستنه، ئێمه ڕوومان له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه، ئه‌وان ڕوویان له تێكدان و خراپكردنه. كه‌واته زۆر جیاوازه و زۆر ئاشكرایه په‌یامه‌كانی ئێمه و ڕه‌فتاره‌كانی ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م دوو ته‌وه‌ره جیا بوونه‌ته‌وه. ئه‌مه ته‌نیا قسه نییه و به كرده‌وه‌یش هه‌ر وا بووه. بۆیه ده‌ڵێم كه ئه‌م جاره كه ده‌ڵێن "كۆتایی پێ ده‌هێنین"، ڕاستگۆترین دروشمه! كه ڕێك له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نه یه‌ك ده‌گرێته‌وه. كۆتایی به چ ده‌هێنن؟ به قه‌واره‌ی كوردستان، به شكۆی پێشمه‌رگه، به پێشكه‌وتنی كوردستان، به ئایینده، كۆتایی به چ ده‌هێنن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌ڵێن "كۆتایی پێ ده‌هێنین"، ئێمه‌ش ده‌ڵێین "ناتوانن". ئێمه‌ش ده‌ڵێین باشتری ده‌كه‌ین، به‌ره‌و پێشتر هه‌نگاو ده‌نێین و ئاوه‌دانتری ده‌كه‌ینه‌وه. په‌یامه‌كانی ئێمه، زۆر زۆر جیاوازتره له‌وه‌ی تاوه‌كوو ئێسته هه‌یانبووه، به‌ڵام با قسه له‌سه‌ر هه‌ندێك واقیع و حهقائیقی ئه‌مڕۆ بكه‌ین به‌تایبه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به ئێوه‌وه هه‌یه.
هەروا ئاماژەیدا، من له هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا كه بۆم ڕه‌خسا بێت، ویستوومه سوپاسی هه‌ر هه‌مووتان بكه‌م، سوپاسی ماندووبوونتان بكه‌م، سوپاسی دڵسۆزیتان بكه‌م، سوپاسی خزمه‌ت و خه‌باتتان بكه‌م، سوپاسی پشتگیریتان بكه‌م، سوپاسی نیشتمانپه‌روه‌ریتان بكه‌م، سوپاسی خۆڕاگریتان بكه‌م، ئێوه فریادڕه‌سی حكوومه‌ت بوون، ئه‌م حكوومه‌ت و ئه‌و میلله‌ته له‌گه‌ڵ ئێوه به‌یه‌كه‌وه توانیمان ئه‌و قه‌یرانانه به لاوه بنێین و نه‌مانهێشت ئه‌و فشارانه‌ی كه بۆ ئێمه دروست كران، وا بكه‌ن، هه‌رێمی كوردستان لاواز ببێت و به‌شێكی زۆری ئه‌م ئیعتوباره بۆ ئێوه ده‌گه‌ڕێته‌وه. هاوكاری ئێوه، به‌شداری ئێوه له ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كان، له نه‌هێشتنی ئه‌وه‌ی جووڵه‌ی بازرگانی و ئابووری له هه‌رێمی كوردستان لاواز ببێت، ئێوه بوون.
مەسرور بارزانی: ئابووری كوردستان به‌وه لاواز ده‌بێت كه هه‌موو كه‌س ببێته مووچه‌خۆر
مەسرور بارزانی: خاكێكی به پیتمان هه‌یه و كشتوكاڵ لێره سه‌ریهه‌ڵداوه، كه‌واته بۆچی نه‌توانین وه‌كوو پێویست سوودی لێ ببینین
به‌ڕێزان، باشه ئێمه بۆ داهاتوو چیمان پێیه؟ من له سه‌ره‌تای ئه‌م كابینه‌یه بهڵێنێكماندا و ئه‌جێندایه‌كی حكوومه‌تمان هه‌بوو، كه پێویسته داهاته‌كان و سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كان و جۆری داهاته‌كان فره‌چه‌شن و ههمهجۆر بكه‌ین، كه‌واته باری ئابووری ئێمه پێویستی به ژێرخانێكی زۆر زۆر باشتر له‌وه‌ی تاوه‌كوو ئێسته هه‌بووه. ویستمان هه‌موو ئیعتیمادی ئێمه له‌سه‌ر نه‌وت و وزه نه‌بێت، ئێمه خاكێكی به پیتمان هه‌یه و وڵاتێكین كشتوكاڵ لێره سه‌ریهه‌ڵداوه، كه‌واته بۆچی نه‌توانین وه‌كوو پێویست سوودی لێ ببینین؟ به ساڵه‌های ساڵ ناحه‌زانمان و دوژمنانمان وایانكرد، جووتیاره‌كانمان له زه‌وییه‌كانیان دوور بكه‌نه‌وه، گونده‌كانمان وێران كران، خه‌ڵك فێر كرا هه‌مووی ببێت به مووچه‌خۆر و بچێته حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و خۆی خاوه‌نی بڕیاری خۆی نه‌بێت و خۆی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی خۆی نه‌بێت. ئابووری كوردستان به‌وه لاواز ده‌بێت كه هه‌موو كه‌س ببێته مووچه‌خۆر و ژێر ڕه‌حمه‌تی حكوومه‌تێك به ئاره‌زووی خۆی هه‌ر كاتێك بیه‌وێت مووچه‌ی پێ بدات و هه‌ر كاتێكیش نه‌یویست پێی نه‌دات. ئێمه ویستمان ئه‌م دیارده‌یه بگۆڕین، ئێمه ویستمان ئه‌م كولتووره بۆ حه‌قیقه‌تی كوردستان بگه‌ڕێنینه‌وه، كه خاوه‌ن گوند و زه‌وییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه گونده‌كان و ئێمه جارێكی تر زه‌وییه‌كانمان بكێڵین و بابه‌تی كشتوكاڵ په‌ره پێ بده‌ین، كه كشتوكاڵ بنه‌مای ژێرخانی ئابووری هه‌ر وڵاتێكه. جارێ پێش هه‌موو شت ئێمه له مه‌ترسی برسیه‌تی بوون ڕزگار ده‌بین.
مەسرور بارزانی: گرنگیدانی ئێمه به كشتوكاڵ بۆ ئه‌وه‌یه ئاسایشی خۆراك بۆ وڵاته‌كه‌مان دابین بكه‌ین
مەسرور بارزانی: بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی هه‌رێمی كوردستاندا توانیمان به‌رهه‌می خۆماڵی هه‌نارده‌ی وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌ورووپا و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكایش بكه‌ین
هه‌روه‌ها گوتیشی: ئاسایشی خۆراك بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك گرنگه، گرنگیدانی ئێمه به كشتوكاڵ بۆ ئه‌وه‌یه ئاسایشی خۆراك بۆ وڵاته‌كه‌مان دابین بكه‌ین، له هه‌مان كاتدا بۆ ئه‌وه‌ی ببینین به سه‌به‌ته‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی وڵاتانی دیكه و وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان بده‌ین، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێت به داهاتێكی له بن نه‌هاتوو بۆ خه‌ڵكی كوردستان، چونكه كشتوكاڵ وه‌كوو هیچ شتێكی تر نییه و هه‌موو ساڵێك زیاتر و زیاتر ده‌بێت و ئه‌گه‌ر بتوانین سوود له ته‌كنه‌لۆجیای نوێ وه‌ربگرین، له زانستی نوێ وه‌ربگرین، له زه‌وییه‌كی كه‌متر به‌رهه‌مێكی زۆرتر به‌رهه‌م بهێنین و به‌مه‌ش كوردستان ڕۆژ به ڕۆژ ده‌توانێت به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانی زیاتر بكات. ئێمه هه‌وڵێكی دیكه‌مان داوه كه جووتیار چی تر خه‌می ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌مانی نه‌بێت. كه‌واته ئێمه وه‌كوو حكوومه‌ت هاتین وه‌كوو به‌رپرسیار ئه‌م خه‌مه‌ی جوتیاران كه‌م بكاته‌وه و داهاته‌كانی وه‌ربگرێت، بۆیه من لێره‌وه جارێكی دیكه زۆر سوپاسی هه‌ندێك له ئاماده‌بووان ده‌كه‌م كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت هاوبه‌ش و هاوكار بوون بۆ وه‌رگرتنی به‌رهه‌مه‌كانی جووتیاران، كه ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی زۆره و ئێمه هێشتا له قۆناخی سه‌ره‌تاییداین. ئه‌مه‌ش به ته‌نیا به‌س نییه، به‌ڵكوو دوای ئه‌مه ده‌بێت ئه‌م پرۆسه‌یه به خۆراك بكرێت و بۆ بازاڕ بنێردرێت و هه‌مووی كارگه‌ی ده‌وێت و كار و خه‌ڵكی ده‌وێت، ئینجا خه‌ڵكی ده‌وێت بیگوازێته‌وه و خه‌ڵكی ده‌وێت كاری تێدا بكات، ئه‌مه‌ش هه‌مووی هه‌لی كارن، له هه‌مان كاتدا هه‌وڵمان دا نه‌ك هه‌ر له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكوو له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌رگه به ڕووی به‌رهه‌می ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ینه‌وه، كه سوپاس بۆ خوا بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی هه‌رێمی كوردستاندا توانیمان به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌ورووپا و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكایش بكه‌ین، كه ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی: به‌رنامه‌ی زۆر زیاترمان بۆ کەرتی گەشتیاری هەیە و هه‌ر ناوچه‌یه‌كی كوردستان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆی هه‌یه
هاوكات ئێمه مه‌به‌ستمانه و ده‌مانه‌وێت له پاڵ كشتوكاڵ، گرنگی به بابه‌تی گه‌شتیارییش بده‌ین، به‌تایبه‌ت كه كوردستان شوێنی زۆر سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه كه ده‌توانرێت بۆ بابه‌تی گه‌شتیاریی به كار بهێنرێت، گرنگییه‌كی زۆرمان به‌و بابه‌ته‌ش داوه و له زۆر شوێنیش پرۆژه‌ی زۆر جوان و ڕێك‌وپێك كراوه، به‌ڵام به‌رنامه‌ی زۆر زیاتریشمان له هه‌موو كوردستان هه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌ر ناوچه‌یه‌كی كوردستان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆی هه‌یه، كه به پێی تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌كان بابه‌تی گه‌شتیاریمان ڕێك خستووه و چۆن بتوانین په‌ره‌ی پێ بده‌ین و سیمایه‌كی جوانتر به كوردستان ببه‌خشێت و خه‌ڵكی كوردستان خۆیان چێژی لێ ببینن، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ببێته هۆكارێك بۆ ڕاكێشانی گه‌شتیاریی بیانی و سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن. نه‌ك ته‌نیا بۆ زیادكردنی سه‌رچاوه‌ی داهات، به‌ڵكوو به تێكه‌ڵبوونی خه‌ڵكی بیانی به كولتووری كوردستان، زیاتر ناساندنی كولتووری كوردستان به خه‌ڵكی ده‌ره‌وه، پێم وایه له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانین هاوكاری و پشتیوانییه‌كی زیاتر بۆ كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین. كه‌واته بابه‌تی گه‌شتوگوزار یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ی ئێمه گرنگی پێ ده‌ده‌ین و ئومێدم وایه زۆر له‌و پرۆژانه‌ی به‌رنامه‌مان بۆیان داناوه، ده‌ست به جێبه‌جێكردنیان ده‌كه‌ین.
مەسرور بارزانی: پیشه‌سازی یه‌كێكی دیكه‌یه له كه‌رته گرنگه‌كان و بنه‌مای ئابوورییه و پێویسته گرنگی زۆرتری پێ بده‌ین
مەسرور بارزانی: سه‌رچاوه‌ی سروشتی له كوردستان زۆره كه بۆ بابه‌تی پیشه‌سازی به‌كاری بهێنین
سەبارەت بە بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی و بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان، جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: بابه‌تی پیشه‌سازی، پیشه‌سازی یه‌كێكی دیكه‌یه له كه‌رته گرنگه‌كان و بنه‌مای ئابوورییه و پێویسته گرنگی زۆرتری پێ بده‌ین. سه‌رچاوه‌ی سروشتی له كوردستان زۆره كه بۆ بابه‌تی پیشه‌سازی به‌كاری بهێنین، به‌رنامه‌مان هه‌یه ئه‌گه‌ر خوا یار بێت و ئێوه‌ش پشتیوانمان بن و "ئینشائه‌ڵڵا ده‌نگیش بینین"، ده‌توانین و به‌رنامه‌شمان هه‌یه له‌گه‌ڵ زۆر له‌و وڵاتانه‌ی كه خاوه‌نی ئەزموونن و توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه له ڕووی پیشه‌سازییه‌وه یارمه‌تیمان بده‌ن، بۆ ئێره ڕایانبكێشین.
هەروا ئاماژەیدا: له ڕووی تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ كه‌رتی پیشه‌سازی كوردستان و دروستكردنی كارگه‌كان و لێكدانی مادده‌كان و زۆر له‌و شتانه، كه هه‌مووی جارێكی تر نه‌ك بۆ خۆتان ده‌ستكه‌وته و داهات و سامانی ئێوه زیاد ده‌كات، به‌ڵكوو هه‌لی كار بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی تریش دروست ده‌كات، كه بێكارن یان چاویان له‌وه‌یه له شوێنی جیاواز كار بكه‌ن.
مەسرور بارزانی گوتیشی: ناكرێت هه‌موو سه‌رنجی ئێمه له‌سه‌ر خاڵێك بێت، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره‌وانمان هه‌یه و تێكه‌ڵه‌یه‌كی جیاوازن، هه‌ر یه‌كێك حه‌زی له شتێكه، هه‌یه حه‌زی لێیه ببێته پزیشك و یه‌كێك حه‌ز ده‌كات ببێت به ئه‌ندازیار و یه‌كێكی تر حه‌ز ده‌كات ببێت به جووتیار یانیش پارێزه‌ر، هه‌ر كه‌سێك حه‌زی له هه‌ر شتێك بێت ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌و سێكته‌ره پێش بخه‌ین و جێگه‌ی هه‌موو كوردێك یان هه‌موو كوردستانییهكی لێ ببێته‌وه. بۆیه بابه‌تی پیشه‌سازی یه‌كێكی تره له‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌گه‌ر خوا یار بێت، زۆر زۆر مه‌به‌ستمانه گرنگی زیاتری پێ بده‌ین و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ی ببه‌ین.
مەسرور بارزانی: ده‌مانه‌وێت ئاستی خوێندن پێش بخه‌ین، به‌تایبه‌تی له ڕووی ناوه‌رۆك و ئاماده‌كردنی قوتابی و دابینكردنی پێداویستییه‌كان و قوتابخانه‌كان
لە بارەی کەرتی پەروەردەوە، مەسرور بارزانی: بۆ ئه‌وه‌ی كادر و خه‌ڵكێكی باشمان هه‌بێت، پێویستمان به په‌روه‌رده‌یه‌كی باشتره، هه‌ر چه‌نده ئێمه هه‌وڵێكی زۆرماندا و له كاتی كۆرۆناش نه‌مانهێشت كه‌رتی په‌روه‌رده بوه‌ستێت و هه‌وڵێكی زۆرماندا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به شێوازی ئۆنلاین و به شێوازێكی ته‌كنه‌لۆجی پێشكه‌وتوو به به‌راورد به ده‌وروبه‌ری خۆمان، نه‌یهێشت پرۆسه‌ی خوێندن بوه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نییه، به‌ڵكوو ده‌مانه‌وێت ئاستی خوێندن پێش بخه‌ین، به‌تایبه‌تی له ڕووی ناوه‌رۆك و ئاماده‌كردنی قوتابی و دابینكردنی پێداویستییه‌كان و قوتابخانه‌كان، لێره‌وه سوپاسی ئێوه ده‌كه‌م كه هاوكاریتان كردووین له دروستكردنی قوتابخانه‌كان و یارمه‌تیدانی قوتابخانه‌كان و مامۆستایان و قوتابییان و "ئنشائهڵا ئه‌م هاوكارییه به‌رده‌وام بێت، چونكه وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر هاووڵاتیی و له‌سه‌ر منداڵ و له‌سه‌ر نه‌وه‌ی داهاتوو، گه‌وره‌ترین و به‌سوودترین وه‌به‌رهێنانه." ئێوه چه‌ند وه‌به‌رهێنان له خوێندن بكه‌ن، باوه‌ڕ بكه‌ن زه‌ره‌ر ناكه‌ن، چونكه خه‌ڵكێكی به تواناتر سبه‌ینێ به كه‌ڵكی خۆتان دێته‌وه، به كه‌ڵكی كۆمپانیاكانی خۆتانه‌وه دێ، به كه‌ڵكی بازرگانی و كه‌سابه‌تی خۆتانه‌وه دێ كه ئه‌وان جارێكی تر كارتان بۆ ده‌كه‌نه‌وه.
مەسرور بارزانی: دەمانەوێت كه‌رتی ته‌ندروستی پێش بخه‌ین كه ئیتر خه‌ڵك پێویستی به چوونه ده‌ره‌وه نه‌بێت
سەبارەت بە کەرتی تەندروستی، جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: له ڕووی ته‌ندروستییه‌وه ئێمه پێویستمان به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست هه‌یه، نه‌ك به ته‌نیا له‌به‌ر خۆمان، به‌ڵكوو وا بكه‌ین ئاستی كه‌رتی ته‌ندروستی پێش بخه‌ین كه ئیتر خه‌ڵك پێویستی به چوونه ده‌ره‌وه نه‌بێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیش ویستی بچێته ده‌ره‌وه خوا بكات ته‌نیا بۆ گه‌شتوگوزار بڕواته ده‌ره‌وه، به‌ڵام بۆ بابه‌تی ته‌ندروستی ناچار نه‌بیت گه‌شت بكات. ده‌بێت وا بكه‌ین ئینشائه‌ڵا كه‌رتی ته‌ندروستی بگه‌یه‌نینه ئاستێك ئینشائه‌ڵا هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان جێگه‌یان ببێته‌وه و ئینشائه‌ڵا كه‌س پێویستی به كه‌رتی ته‌ندروستی نه‌بێت، به‌ڵام وا بكه‌ین ته‌نانه‌ت بابه‌تی گه‌شتیاریی ته‌ندروستی پێش بخه‌ین، واته خه‌ڵك له ده‌ره‌وه بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات.
مەسرور بارزانی: ئه‌و پرۆژانه‌ی پارتی ده‌یانكات، ئه‌و پرۆژانه‌ن کە له خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان دان
هەر لە گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی لە بارەی کەرتی بەنکی گوتی: خاڵێكی تر كه دەستمان پێكردووه و كاری زیاتر ده‌كه‌ین بۆ پێشخستنی، كه‌رتی بهنكییه، یان سیستمی به ئه‌لیكترۆنیكردنی به‌نك. به‌ڕێزان، ئێوه ڕه‌نگه زیاتر له خه‌ڵكی تر شاره‌زاتر بن، ئه‌و سیاسه‌ته ئابوورییه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای كاش و سیوله وه‌ستاوه، سنوورداره و چه‌ند هه‌نگاوێك پێش ده‌كه‌وێت، چونكه سیولهت هه‌بوو، ئیشی پێ ده‌كه‌یت، سیولهت نه‌بوو، ئیشی پێ ناكه‌یت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه سیسته‌مێكی پێشكه‌وتووی به‌نكی له‌سه‌ر بنه‌مای ستاندارتی نێوده‌وڵه‌تی له كوردستان هه‌مان بێت، ده‌توانین به هه‌مان سیوله و به هه‌مان بڕی پاره، ئابووری خۆمان ده ئه‌وه‌نده به‌هێزتر بكه‌ین، ئه‌مه‌ش هاوكێشه‌یه‌كی زۆر ئاسانی ئابوورییه كه هه‌ر ئابووریناسیك ده‌توانێت لێكدانه‌وه‌ی ته‌واوی بۆ بكات.
گوتیشی: ئێمه ده‌مانه‌وێت كه‌رتی به‌نكی پێش بخه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی متمانه دروست بكرێته‌وه، واته متمانه له نێوان هاووڵاتیی، كاسبكار، بازرگان، حكوومه‌ت و فه‌رمانبه‌ر و هه‌موو ئه‌و سێكته‌رانه‌ی كار و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ به‌نك هه‌یه. دروستكردنی متمانه یه‌كێكه له‌و شته گرنگانه‌ی كه ئێمه زۆر زۆر لامان مه‌به‌سته. هه‌روه‌ها هه‌وڵمانداوه له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌و متمانه‌یه بۆ هاووڵاتی بگه‌ڕێنینه‌وه. پرۆژه‌ی "هه‌ژماری من"ـمان ده‌ست پێكردووه، ڕاسته ئه‌مه ته‌نیا دروستكردنی ئهكاونتێكه و ژماره‌ی بهنكییه بۆ هاووڵاتی، به‌ڵام زۆر ده‌سه‌ڵات بۆ هاووڵاتی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و وا ده‌كات هاووڵاتی قه‌رز له به‌نك وه‌ربگرێت، كه قه‌رزیش وه‌رده‌گرێت ده‌چێت له شوێنێك وه‌به‌رهێنان ده‌كات و بزنسێك بۆ خۆی دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش جووڵه‌ی ئابووری و بازرگانی له‌ناو وڵات دروست ده‌كات.
هەروا ئاماژەیدا، له هه‌موویشی گرنگتر ئه‌و هه‌ژماره شه‌فافه، هه‌موویشی ڕاشكاو و به‌رچاوه و له‌ژێر چاودێرییه، نه‌ك ته‌نیا له‌ژێر چاودێری عێراقه، به‌ڵكوو له‌ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تیدایه. كه‌واته به ئه‌لیكترۆنیكردن و به دجیتاڵكردنی سیسته‌می فاینانس یان هیمالی هه‌رێمی كوردستان به بهنكیشهوه، یارمه‌تیده‌رێكی باش ده‌بێت كه هه‌م هاووڵاتییانی خۆمان تێیدا سوودمه‌ند بن و هه‌میش هاووڵاتییانی بیانی بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات. خه‌ڵك چاوی له‌وه‌یه، هه‌ر چه‌نده تۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێكی دیكه قسه بكه‌یت، ئه‌م بابه‌تانه پێش 56 ساڵ هه‌بووه، به‌ڵام كه لێره نه‌بووه، هۆكاری هه‌یه و ئێوه ده‌زانن كه ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌ك بووینه و نه‌یانهێشتووه پێش بكه‌وین و هه‌میشه ئاسته‌نگیان بۆ دروست كردووین و ڕێگرییان له‌وه كردووه پێش بكه‌وین، له لایه‌كی دیكه‌وه له‌وانه‌یه وه‌كوو پێویست پلانی بۆ دانه‌نرابێت، به‌ڵام ئێسته ئێمه پلانمان بۆ داناوه و قۆناخی باشیشمان بڕیوه و هه‌نگاوی باشیشمان هاوێشتووه و ده‌شمانه‌وێت پێش بكه‌وین.
گوتیشی: ئینجا ئه‌م پێشكه‌وتن و ئه‌م بهرنامانایه له كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتیاری، ته‌ندروستی و په‌روه‌رده به ئه‌لیكترۆنیكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و به دجیتاڵكردنی سیستمی به‌نكی، وا ده‌كات ڕکابەر و ناحه‌زانی ئێمه كێشه دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه نه‌توانین سه‌ر بكه‌وین، به‌ڵام ئایا ئه‌م سه‌ركه‌وتنه ته‌نیا هی پارتییه، یان سه‌ركه‌وتنی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه؟ لێره‌دا زۆر زۆر به ڕاشكاوی به ده‌رده‌كه‌وێت پارتی له خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستاندایه، ئه‌و پرۆژانه‌ی پارتی ده‌یانكات، ئه‌و پرۆژانه‌ن له خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستاندان، بۆیه ئێمه‌ش چاومان لێیه هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان پشتیوانی پارتی بێت، تاكوو پارتی بتوانێت خزمه‌تی زیاتری ئێوه بكات.
مەسرور بارزانی: هیچ وڵاتێك پێش ناكه‌وێت، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت و هاووڵاتی به‌یه‌كه‌وه كار نه‌كه‌ن
هەر لەم گوتارەی، پێشکەشی ژمارەیەک لە خاوەنکار، وەبەرهێنەر، بازرگانان و ئەندامانی ژووری بازرگانانی هەولێری کرد، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە بوژانەوە و گەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان گوتی: ئێمه نامانه‌وێت له قه‌واره‌یه‌كی بچو‌وكدا بمێنینه‌وه، سه‌یری ئه‌زموونی هه‌ندێك وڵات بكه‌ن، وه‌كوو كۆریای باشوور، سه‌نگاپوور، ئیماراتی عه‌ره‌بی، ئه‌م وڵاتانه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زۆر زۆر پێشكه‌وتن. چۆن؟ به‌وه‌ی یاسا سه‌روه‌ر بوو، به‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی نه‌مێنێت، به‌وه‌ی هاووڵاتی و حكوومه‌ت متمانه‌یان به‌یه‌كدی هه‌بوو و پلانێكی توكمهیان بۆ پێشخستنی وڵاته‌كه‌یان هه‌بوو. هیچ وڵاتێك پێش ناكه‌وێت، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت و هاووڵاتی به‌یه‌كه‌وه كار نه‌كه‌ن، حكوومه‌ت بهرنامهیشی باش بێت، به‌ڵام هاووڵاتیی هاوكاری نه‌بێت، پێش ناكه‌وێت.
گوتیشی: هاووڵاتی چه‌نده توانای خۆی به‌هێز بێت، به‌ڵام حكوومه‌ت نه‌توانێت سیسته‌مێكی باشی بۆ دابنێت، ڕێگر ده‌بێت له‌وه‌ی هاووڵاتیی پێش بكه‌وێت. كه‌واته پێویسته هاووڵاتی و حكوومه‌ت به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن، بۆیه پێویسته ئێوه به‌شدار بن، به‌شدار بن له ده‌نگدان، به‌شدار بن له بڕیاردان، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ورده ورده به‌ره‌و ئه‌و قۆناخه هه‌نگاو بنێین كه وه‌كوو وڵاتانی پێشكه‌وتوو بیر بكه‌ینه‌وه و ڕه‌فتار بكه‌ین. ته‌نیا ئومێد، ته‌نیا ته‌ماشاكردن، ته‌نیا خواستن به‌س نییه، به‌ڵكوو ده‌بێت ئێمه هه‌نگاویشیان بۆ بهاوێژین.
هەروەها ئاماژەیدا، ڕاسته یه‌كه‌م هه‌نگاو ئه‌وه‌یه ڤیژن – ڕوئیات هه‌بێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌بێت كهرستهشی بۆ دابین بكه‌یت و ئامرازیشت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌م ڕوئیایهت بگه‌یت، هه‌روه‌ها ده‌بێت پشتیوان بیت و ئاماده بیت بۆ ئه‌وه‌ی پێی بگه‌یت. بۆیه من سه‌رنجم له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئێمه چۆن به‌یه‌كه‌وه بتوانین به‌ره‌و ئایینده بڕۆین؟ من ده‌مه‌وێ ئێوه له‌سه‌ر ئاستی دنیادا خۆتان به كه‌م نه‌زانن، ئێوه له هیچ كه‌س و وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر كه‌متر نین، كۆمپانیاكانی ئێمه بۆ له‌سه‌ر ئاستی دنیادا ناسراو نه‌بن؟ هۆكاره‌كه‌ی چییه، كۆمپانیاكانی فڵانه وڵات ناویان ده‌رچووه و كۆمپانیاكانی ئێمه ناویان ده‌رنه‌چووه؟ یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه بیرمان لێ نه‌كردووه‌ته‌وه، دووه‌م ئه‌وه‌یه ڕێگه‌مان پێ نه‌دراوه، به‌ڵام ئێسته ده‌بێت بیری لێ بكه‌ینه‌وه و ده‌بێت ڕێگه‌شی بۆ خۆش بكه‌ین.
مەسرور بارزانی دەڵێت: من ده‌مه‌وێت كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه تێكه‌ڵ بێت، ده‌مه‌وێت كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌دا ببێته وڵاتێكی ناسراو و دیار و ده‌توانین ئه‌مه‌ش بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بڕوامان به خۆمان هه‌بێت، ده‌توانین ئه‌مه بكه‌ین، من دڵنیام ئێوه ده‌توانن بیكه‌ن، ئێوه هه‌مووتان خه‌ڵكێكی به توانان و شاره‌زان، به هیمه‌تی ئێوه و پشتیوان به خوا ده‌توانین زۆر له‌و شتانه بكه‌ین.
مەسرور بارزانی: دەبێت بكه‌ین باڵانسێك له بابه‌تی هه‌نارده‌كردن و هاورده‌كردن دروست بكه‌ین
لە بارەی کەرتی بازرگانیشەوە، جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: ده‌مه‌وێت ئاستی بازرگانی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتان پێچه‌وانه بكرێته‌وه، ئێمه بۆ شت هاورده بكه‌ین، بۆ هه‌نارده‌یشی نه‌كه‌ین؟ هه‌ر كه‌سێك كه شاره‌زای سیاسه‌تی ئابووری بێت، ده‌زانێت ئه‌و وڵاتانه‌ی ڕێژه‌ی هه‌نارده‌كردنیان به‌رزه، وڵاتانی پێشكه‌وتووترن، كه‌واته ئێمه بۆ نه‌توانین بیكه‌ین؟ من به ته‌نیا باسی نه‌وت ناكه‌م، من به ته‌نیا باسی به‌رهه‌می كشتوكاڵیش ناكه‌م، ده‌كرێ ئێمه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانی كوردستان به به‌رهه‌می جووتیاران و به كه‌رسته‌ی پیشه‌سازییه‌وه وا بكه‌ین باڵانسێك له بابه‌تی هه‌نارده‌كردن و هاورده‌كردن دروست بكه‌ین.
گوتیشی: به كورتی من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، به‌وه‌ی كه هه‌مانه ڕازی نه‌بین، كێشه‌ی ئێمه مووچه نییه ئێمه مانگ به مانگ چاوه‌ڕێی ئه‌وه بین به‌غدا مووچه‌مان بۆ ده‌نێرێت یاخود نا؟ ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته ببێته بابه‌تێكی لاوەکی و زۆر جوزئی، ده‌بێت وا بكه‌ین داهاتی هه‌رێمی كوردستان وا به‌هێز و زیاد بكه‌ین له هه‌موو سێكته‌ره‌كانه‌وه، تاوه‌كوو هه‌رێمی كوردستان سه‌نگی خۆی له هه‌موو ناوچه‌كه و دنیا دیار بێت و به‌هێز بێت، ده‌شتوانین ئه‌مه بكه‌ین، چونكه خوا هه‌موو شتی پێ داوین، گرنگ ئه‌وه‌یه ئیداره‌یه‌كی باشتر بكرێت و پێم وایه به‌یه‌كه‌وه ده‌توانین ئه‌م سه‌ركه‌وتنه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.
له كۆتایی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی گوتی: ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌وه بكه‌مه‌وه كه هه‌ر چه‌ند سوپاسم كردن و ده‌ستخۆشیم لێ كردن له‌وه‌ی ئێوه زۆر پشوودرێژ بوون و مافتان له لای حكوومه‌ت ماوه وه‌كوو به‌ڵێنده‌ر، وه‌به‌رهێنه‌ر، بازرگان و كاسبكار، زۆر كه‌ستان. من ده‌مه‌وێت ئه‌و به‌ڵێنه‌تان پێ بده‌م كه مافی هیچ كه‌سێكتان نافه‌وتێت. هه‌روه‌ها ده‌بێت یارمه‌تی یه‌كدی بده‌ین و ئه‌و قه‌رز و حه‌ق و مافانه‌ی ئێوه كه له لای حكوومه‌ته، ورده ورده ئه‌و مافانه‌تان بۆ بگه‌ڕێنینه‌وه. جگه له‌مه، ئێمه ده‌مانه‌وێت شتێكی وا بكه‌ین ئێوه بتوانن ڕۆڵی زیاتر ببینن، ئێوه بتوانن كاری زیاتر بكه‌ن له هه‌ر چ پیشه و كه‌سابه‌تێكی ئێوه، ئێوه له هه‌ر سێكته‌رێك كار بكه‌ن، بتوانن كاری زیاتر بكه‌ن و هه‌لی كاری زیاترتان بۆ بڕه‌خسێندرێت، ئه‌مه‌ش به یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری ده‌كرێت.
گوتیشی: بۆیه من ده‌مه‌وێت قسه‌ی ئه‌ملاوئه‌ولا له خۆمه‌وه ببیستن، هیچ كه‌سێك له ده‌سه‌ڵات، له حكوومه‌ت، له وه‌زاره‌ته‌كان له به‌رپرسه‌كان مافی ئه‌وه‌ی نییه، ڕۆژێك له ڕۆژان باسی یه‌ك فلس به‌رتیل یان ڕه‌شوه له ئێوه بكات و كه‌سیان حه‌قی ئه‌وه‌یان نییه، تكاشتان لێ ده‌كه‌م هه‌ر كه‌سێك ئه‌وه بكات، ئێوه به‌س پێمان بڵێن و ئیجرائاتی پێویستیان به‌رانبه‌ر ده‌كه‌ین. ئێوه خاوه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن و هیچ كه‌س له سه‌رووی كه‌سه‌وه نییه و هه‌موومان له‌ژێر چه‌تری یاسادا یه‌كسانین، هه‌ندێك خه‌ڵك هه‌یه له‌وانه‌یه توانای باشتری هه‌بێت، زیره‌كتر بێت، ئه‌ندازیارێكی باشتره ئه‌مه له جێی خۆیه‌تی، دكتۆرێكی باشتره ئه‌مه له جێگه‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام مه‌به‌ستم له دادپه‌روه‌ی و یه‌كسانی، مافی یه‌كسانی و فرسه‌تی یه‌كسان به هه‌موو كه‌س ده‌درێت، ئینجا له‌سه‌ر خۆتانه چه‌نده پێش ده‌كه‌ون، له‌سه‌ر خۆتانه چه‌نده سه‌ر ده‌كه‌ون، له‌سه‌ر خۆتانه چه‌نده ده‌توانن سوود له‌م فرسه‌ته وه‌ربگرن كه به هه‌موو لایه‌ك ده‌درێت، به‌ڵام به هیچ جۆرێك ناكرێت ئیمتیازات به هه‌ندێك خه‌ڵك بدرێت و ڕێگریش له هه‌ندێك خه‌ڵكی دیكه بكرێت، ئه‌گه‌ر تا ئێسته‌ش نه‌گه‌یشتبینه ئه‌و قۆناغه، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئه‌و قۆناغه و له‌سه‌ر ئه‌مه دڵنیا بن و دڵنیاش بن كه مافی هه‌مووتان پارێزراوه.
له كۆتاییدا گوتی: جارێكی دیكه سوپاستان ده‌كه‌م و ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م و داواتان لێ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر قسه‌كانی منتان به‌دڵ بووبێت و ئێمه به‌یه‌كه‌وه ئه‌و هه‌نگاوانه بنێین و به‌ره‌و ئه‌و كوردستان بڕۆین كه له ڕوئیای ئێمه‌دایه، ده‌نگ به لیستی 190 بده‌ن، ئینشائه‌ڵا زۆر له‌وه زیاتریش ده‌كه‌ین. زۆر زۆر سوپاس.