رووماڵ

هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نرخی نەوتی سەدا 5 بەرز کردەوە

نرخی نەوتی برێنت بەرزدەبێتەوە
نرخی نەوتی برێنت بەرزدەبێتەوە

K24 - هەولێر:

لە دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزوبونەوەی بەخۆیەوە بینی، نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت گەیشتە سەرووی 75 دۆلار.

ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، کاتژمێر 20:20 بە کاتی هەرێمی کوردستان نرخی نەوتی خاوی برێنت سێ دۆلار و 70 سەنت بەرزبووەوە و بە  75 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەگەڕێتەوە کە نیگەرانی لە بازاڕی وزە دروست کردووە، بازاڕەکان ترسیان هەیە کاریگەری بخاتە سەر هەناردەی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان، بە تایبەت ئەگەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوان بێت و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە کاتێکدایە، لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ 69 دۆلار و 92 سەنت دابەزینی تۆمار کرد، ئەمەش بەهۆی پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەس و لاوازی گەشەی ئابووری جیهان.