ریال مەدرید بۆ رووبەڕبوونەوەی لیل سوپرایزی هەیە

ریاڵ مەدرید پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ ئەمجارەیان لە فەڕەنسا و لە گەڕی دووەمی پاڵەوانێتیەکە، دەبێتە میوانی یانەی لیل، بۆ ئەم یارییە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەڕەنسی، بانگهێشتکراوە و ئەگەر هەیە ئەو یاریزانە بەشداريی ئەو یارییە بکات.
یانەی ریال مەدرید سبەی شەو كاتژمێر 22:00 بە كاتی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی لیل دەبێتەوە، یانە ئیسپانیەکە جاری یەکەمە لە مێژوو رووبەرووی یانەی لیلی فەڕەنسی دەبێتەوە، بەڵام پێشتر ریاڵ مەدرید بۆ رووبەڕووبونەوەی یانە فەڕەنسیەکان، 16 جار گەشتی ئەو وڵاتەی کردووە و لەو 16 یارییەش، هەشت بردنەوە و پێنج دۆڕان و سێ بەرامبەربوونی لە خاکی ئەو وڵاتە تۆمار کردووە.
کیلیان ئێمباپێ لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ئالاڤێس لە گەڕی حەوتەمی لالیگا تووشی پێکان بوو، بەم هۆیەوە بەشداریی یاریی دێربی مەدریدی نەکرد، کەچی ئەو یاریزانە بۆ یارییەکەی بەرامبەر لیل بانگهێشتکراوە و لەگەڵ شاندی یانەکەی گەشتی وڵاتەکەی کرد، ئەگەری بەشداری لە یارییەکە هەیە.
پێش یارییەکە کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەبارەت بە پێکانەکەی کیلیان ئێمباپێ گوتی: ئێمباپێ بۆ یاریکردن گەشتی فەڕەنسای کردووە، لە دوایین یەکەی ئامادەکاری بڕیار لەسەر چارەنوسی دەدەین.

لێدوانەكانی ئانچێلۆتی لەبارەی رووبەڕبوونەوەی لیل
''ئێمباپێ لە رابردوو هەستی بە ماندوو بوون کردووە، ئێستا بەهۆی ئەو تەکنەلۆجیایە نوێیەی کە هەیە، چارەسەری یاریزانانی خێراتر بووە، بۆیە ئەو یاریزانە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەک بە تەواوەتی چاکبووەتەوە، ئەو یاریزانە بە مەبەستی یاریکردن لەگەڵ ئێمە گەشتی فەڕەنسای کردووە، لە دوایین یەکەی ئامادەکاری بڕیار لەسەر چارەنووسی دەدەین و ئەگەر هیچ کێشەی نەبێت و هیچ مەترسیەکی لەسەر نەبێت، دەتوانێت لە سەرەتاوە یاریی بکات، ئاردا گولەر ئەم وەرزە بەراورد بە وەرزی رابردوو زیاتر یاریکردووە، داهاتووی ئەو یاریزانە لە گەشەسەندندایە و هەندێکجار یاریی دەکات و هەندێکجاریش یاریی ناکات''.
ریال مەدرید بەرەو ریكۆردێكی نوێ
ریاڵ مەدرید 14 یارییە لەسەر یەک لە چامپیۆنزلیگ هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەڵام دوایین سێ دۆڕانی ئەو یانەیە لە چامپیۆنزلیگ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە، ئەوانیش بەرامبەر یانەکانی مانچێستەر سیتی، لایپزیگ و شاختار بووە.
پێش هاتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید، کەریم بێنزێما دوایین یاریزانی فەڕەنسی بووە کە گۆڵی بۆ مێرنگی کردبێت، ئەویش لە ساڵی 2023 و لە قۆناغی چارەکی کۆتایی، بەرامبەر یانەی چێڵسی ئینگڵاند بووە. لەو کاتەوەش تەنها ئێمباپێ وەکو یاریزانی فەڕەنسی، توانیویەتی گۆڵ بۆ یانەکەی بکات.
