بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر: بەمزووانە گەشتە ئاسمانییەکانمان دەست پێ دەکەنەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی؛ چاوەڕێی بڕیاری دەستەی فڕۆکەوانیی عێراق دەکات.
چوارشەممە، 02-10-2024، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کاتژمێر 12:00ـی شەوی ڕابردووەوە، ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کراوەتەوە، بەڵام جارێ هێڵەکانی گواستنەوە کارا نەکراونەتەوە.
ئەحمەد هۆشیار ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستە فڕۆکەخانەی نێودەڵەوڵەتیی هەولێر کراوەتەوە، بەڵام چاوەڕێی دەستەی فڕۆکەوانیی عێراق دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی هاتن و چوون لە فڕۆکەخانەکەمان؛ پێموایە بەمزووانە گەشتەکان دەست پێ دەکەنەوە".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕوونیشی کردەوە، بەهۆی داخرانی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆری گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانە هەڵوەشێندرانەوە، "بەڵام جارێ وەکوو ئامار، ژمارەی گەشتی هەڵوەشێنراو لەبەردەستماندا نییە".
نزیکەی کاتژمێر 08:00ـی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 01-10-2024، گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگیران.
شەوی ڕابردوو دوای کۆتاییهاتنی هێرشە مووشەکییەی ئێران، رەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق ڕاگەیاند.