دانیمارک.. دوو تەقینەوە لەنزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل ڕوویاندا

ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی دانیمارک ڕایگەیاند، دوو تەقینەوە لە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە کۆپنهاگن ڕوویانداوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی ڕووداوەکەوە بڵاوبکەنەوە.
پۆلیسی دانیمارک ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە دوو تەقینەوە دەکەن کە لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە کۆپنهاگن ڕوویانداوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، "کەس بریندار نەبووە، ئێمەش لێکۆڵینەوەی سەرەتاییمان لەسەر ڕووداوەکە دەستپێکردووە".
پۆلیس ئەوەشی ڕاگەیاندووە، "لێکۆڵینەوە لەئەگەری پەیوەندی ڕووداوەکە بە باڵیۆزخانەی ئیسرائیلەوە دەکرێت".
شەوی ڕابردوو، ئێران هێرشی بۆسەر ئیسرائیل دەست پێ کرد و سەدان مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد. هەروەها سوپای پاسدارانی ئێرانیش ڕایگەیاند، لە هێرشەکە زیاتر لە 400 مووشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل دەڵێت: نزیکەی 280 مووشەک بوون، فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن و سەرجەم رێڕەوە ئاسمانییەکانیش بە ئاراستەی وڵاتەکەی داخستوون.
هاوکات بەهۆی هێرشە مووشەکەییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئاسمانی ناوچەکە بەتەواوی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکان داخراوە.