ئاوارەیەک: تاوەکوو پێشمەرگە نەگەڕێتەوە شنگال، ئێمەش ناگەڕێینەوە
زیاتر لە 52 هەزار ئاوارە بەهۆی نالەباری بارودۆخی ئەمنی شنگال، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئەوان دەڵێن، "تاوەکوو هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە نەگەڕێنەوە، ئێمەش ناتوانین بگەڕێینەوە".
10 ساڵ بەسەر ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی شنگال بۆ هەرێمی کوردستان تێ دەپەڕێت و تاوەکوو ئێستاش زۆرینەیان لەنێو کەمپەکاندا دەژین.
خدر عەلی و کەسوکارەکەی، چەندان ساڵە لە کەمپی کەبەرتووی سنووری پارێزگای دهۆک دەژین و هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکانی شنگال و پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بەرز دەنرخێنن.
وەکوو ئەوەی خدر عەلی باسی کرد، "بارودۆخی ئێستەی شنگال و دەوروبەری بەهۆی بوونی گرووپە چەکدارەکانەوە خراپە و تاوەکوو هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە نەگەڕێنەوە، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە ئاسایی نابێتەوە و ناتوانین بگەڕێینەوە".
ئەحمەد مسلم، ئاوارەیەکی دیکەی کەمپی کەبەرتووە و دەڵێت: "زۆر سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، درێغی نەکردووە لە هاوکاریکردنمان، بەڵام دەمانەوێت بارودۆخی ئەمنی شنگال ئاسایی ببێتەوە تاوەکوو بتوانین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 23 ملیار دینار بۆ پێشکەشکردنی ئاوی خواردنەوە، کارەبا، خواردن، خزمەتگوزارییە پەروەردەیی و تەندروستییەکان بۆ 20 کەمپی ئاوارەکان؛ خەرج دەکات. واتا تێچووی خزمەتگوزارییەکانی هەموو ئاوارەکان لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمە و حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوکارییەکانیان ڕاگرتووە.
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە پارێزگای دهۆك بە کوردستان24ـی گوت، "ڕاستە 23 ملیار دیناری ساڵانە، تێچووەیەکی زۆرە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ هاوکاریی حکوومەتی فیدراڵی، بەڵام ئاوارەکان میوانمان و تاوەکوو لێرە بن، لە هاوکاریکردنیان درێغی ناکەین".
52 هەزار خێزانی ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆک کە 22 هەزاریان لەنێو کەمپەکان و 30 هەزاری دیکەشیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، نەگەڕاونەتەوە شنگال و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەن کار بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال بکات تاوەکوو بتوانن بگەڕێنەوە شارەکە.