چوار ڕێگەی سەرەکی نێوان هەولێر و سلێمانی لە قۆناغی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەدان

چوار ڕێگەی سەرەکی کە هەولێر و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستنەوە و ڕۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێل هاتوچۆیان بەسەردا دەکەن، لە قۆناغی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەدان و بە تەواوبوونیان هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەولێر و سلێمانی ئاسانتر دەبێ .
نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی سماقوڵی لە سێ هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێ و دەست دەکرێ بە تەواوکردنی ڕێگەی سکتان، ڕێگەی بالیسان پێش وەرزی باران تەواو دەکرێ و دووسایدی فیدراڵیش لەکۆیە، %40ـی کارەکانی تەواو بووە.
نۆژەنکردنەوەی ڕێگە سەرەکیەکانی نێوان هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو حاڵی شۆفێرانی بەگشتی پەرێشان کردووە، بەتایبەت شۆفێرانی بارهەڵگر یان ئەو شۆفێرانەی بەردەوام لەنێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی هاتوچۆ دەکەن.
ڕێگەی سماقوڵی ، یەکێک لە شاڕێگەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و سلێمانی، ساڵی ڕابردوو دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا، تا ئێستا نۆژەنکردنەوەکە بەردەوامە و لەماوەی 25 ڕۆژی داهاتوو دەبێ بە تەواوی کۆتایی بێت و بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
کۆسار حەمە ساڵح بەرێوبەری ئاوەدانکردنەوە و ڕێگەوبانی کۆیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەلێندەرەکەی پێشوو کێشەی هەبوو، چونکە قیرەکە یەک چین بوو، بەڵام ئێستا چینەکەی دیکەش ڕەزامەندی بۆ دەرچووە، کە فەرمانگەکەمان ڕاستەوخۆ جێبەجێی دەکات؛ واتە، لە ماوەی ئەو 25 ڕۆژە پڕۆژەکە تەواو دەبێت و بەڕووی شؤفێران دەکرێتەوە و دواتر پڕۆژەکەی ڕێگەی سکتان دەست پێ دەکات".
دوو سایدی فیدراڵی، یان دوو سایدی مام جەلال، لە بەشی باکووری خۆرهەڵاتی کۆیە، ڕێگایەکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی هاتوچۆ لەناو شاری کۆیە، پڕۆژەکە لەماوەی تەواوکردنی خۆی زۆر دواکەوتووە و سەرئێشە و ناڕەحەتیی زۆری بۆ دانیشتوانی گەڕەکەکانی دەوروبەری دروست کردووە ، 40%ـی تەواو بووە و کارکردن دەستی پێ کردووەتەوە
کاوە. لەسەر ڕێگەکە دوکانی مریشک فرۆشی هەیە و دەڵێت: بەزستانان دەبێتە قوڕ و لیتە، هاوینانیش دەبێتە تۆزوخۆڵ، بازاڕی ئێمە لەسەدا 70 کەمی کردووە.
لە چوار ڕێگە، کە هەولێرو سلێمانی بەیەکەوە دەبەستنەوە سێ ڕێگەیان لە سنووری کۆیەن، هەرسێ ڕێگەکە لە قۆناغی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەدان، قایمقامی کۆیە پێی وایە چاککردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو ڕێگەیانە گرنگن، گرنگتر لەوانەش تەواوکردنی دووسایدی کۆیە-هەولێرە.
تارق حەیدەر، قایمقامی كۆیە ڕایگەیاند، دووسایدی کۆیە - هەولێر تەنیا ڕێگەی ئەو نێوان ئەو دووشارە نییە، بەڵکو ڕێگەی نێوان هەولێر و سلێمانییە، هەروەها چارەی ئەو گرفتەش تەنیا دووسیادی کۆیە و هەولێرە، چونکە نابێت دووسیادێک نەبێت لە نێوان هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە.
دروستکردنی ڕێگای تازە لەنێوان شارەکان و نۆژەنکردنەوەیان، هاتوچۆی شۆفێران و کاری بازرگانی ئاسانتر دەکات، لەو چوارچێوەیەدا و لە پێنج ساڵی ڕابردوو جگە لەکاری نۆژەنکردنەوە. حکوومەتی هەرێم نزیکەی 1200 کم ڕێگای تازەی لە نێوان شارو شارۆچکە و شارەدێکاندا دروست کردووە