ئەحمەد کەنعان کیکی: یەکێتی کەوتووەتە ژێر کاریگەری ڕەیان کلدانی

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، یەکێتی حزبێکی تەمەن 40 ساڵەیە خۆی خستووەتە ژێر دەستی ڕەیان کلدانی کە دوێنێ حزبی داناوە.

ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یەکێتی ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لەوەی خۆی خستە ژێردەستی ڕەیان کلدانی، گوتیشی: ڕەیان کورسییەکی کۆتایی هەبوو لەگەڵ دوو کورسی دیکەش لە رێگەی دروستکردنی لیستێک بەدەستی هێنابوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتیش دوو کورسی داوەتە کلدانی کە کۆی گشتی بووەتە پێنج کورسی، دواتر بە ڕێگەی یاسایی بێت یان نایاسایی هاوپەیمانییەکی پێکهێنا کە بووە 15 کورسی، ئەوەش لەبەر بەرژەوەندی کەسی بوو، کە هیچ لە کۆبوونەوەکانیشی یاسایی نەبووە لە موسڵ.

ئەحمەد کەنعان کیکی دەشڵێت: بەم کارانە دۆخێکی وەهایان ڕەخساند کە بە بۆچوونی خۆیان پارتیان لە موسڵ لاواز کردووە و ڕۆڵیان نەهێشتووە، بەڵام لە راستیدا وانییە، جەماوەری پارتی زیاتر بووە، چونکە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە پارتی 20 ساڵە لەموسڵ ناسنامەی پێکەوەژیانی پاراستووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتیشی: ئەگەر سەیری ڕەیان کلدانی بکەین یەکەم شت دوژمنی مەسیحییەکانە کە خۆشی هەر مەسیحییە، دواتر ململانێی نەتەوەیی دروستکردووە، کە هەوڵدەدات کێشە لە نێوان کورد و عەرەب و سوننە و شیعە دروست بکات، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی پێکەوە ژیان لە موسڵ هەڕەشەی لەسەر بێت.

باسی لەوەش کرد، یەکێتی 40 ساڵە دروست بووە، ڕەیانیش دوێنی حزبی دروست کردووە، من نازانم یەکێتی بۆ خۆی خستووەتە ژێر دەستی ڕەیان کلدانی، کە وای لێهاتووە ڕەیان لە مەڵبەند لە جیاتی ئەوان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دەکات و دەڵێت، "ئەوانە هی منن".

جەختیشی کردەوە ئێمە دەیان ساڵە خەبات دەکەین بۆ ئەوەی ژێر دەستە نەبین، کە چی ئەوان خۆیان خستووەتە ژێر دەستی کلدانی، دواتر ئەو کوردانەی دەنگیان بە یەکێتی داوە تاوەکو بەرگری لە مافەکانیان بکات و کورد لە موسڵ بمێنێتەوە وەکو دووەمین نەتەوە لەو شارە، بەڵام ئەوان دەبنە شوێنکەتەی کلدانی، کە ئەوە زۆر خراپە.

 

Fly Erbil Advertisment