ئیسرائیل بڕیاریدا وەڵامی ئێران بداتەوە
بایدن: ئیسرائیل مافی خۆیەتی وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە

دوای سێ ڕۆژ لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. ئەنجوومەنی وەزیرانی سیاسی و سەربازی ئیسرائیل بڕیاریدا وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە و دامەزراوە نەوتییەکانیشی وەک بژاردەیەکی وەڵامدانەوەکە دیاری کردووە.
کەناڵی 13ی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی سیاسی و سەربازی لە بارەی چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئێران کۆبووەتەوە و بڕیاری فەرمیشی لەسەر وەڵامدانەوەکە دەرکردووە، بەڵام بە گوتەی گەورە بەرپرسانی ئیسرائیلی کە ئاگەداری وردەکارییەکانی پلانی وەڵامدانەوەکەی ئێرانن، گوایە حکوومەتی ئیسرائیل دەیەوێت بە شێوازێک کۆتایی بە وەڵامدانەوەی ئێران بهێنێت کە لە داهاتوویەکی نزیکدا نەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادان، یان بەردەوامبوونی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی سەری یەکتری.
کەناڵی 13ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل دەیەوێت ئۆپراسیۆنێکی گەورە لە دژی ئێران بکەن، بەڵام ڕێگەیەکیان ناوێت پەلکێشی جەنگێکی تەواویان بکات، هەرچەندە ئاماژەکان بەو ئاراستەیە کە کاتی وەڵامدانەوەی ئێرانیان دیاری نەکردووە، هەروا بە پێویستی نازانن بەمنزیکانە وەڵامدانەوەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام لە ئاستی سیاسییدا کار لەسەر دیاری کردنی وادەیەکی گونجاو دەکەن.
بە گوتەی بەرپرسە باڵاکەی ئیسرائیل، ئەگەر هەیە دوای ئۆپراسیۆنی زەمینی لە لوبنان کاتێکی گونجاو بۆ وەڵامدانەوەی ئێران دیاری بکرێت.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل مافی خۆیەتی وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا لە بارەی چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکە خۆی یەکلا نەکردووەتەوە.
گوتیشی: ئەگەر لە جێگەی ئیسرائیل بم، لە بری دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، هەوڵی بژاردەیەکی دیکەی دەدەم بۆ ئەوەی هێرشی بکەمە سەر.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، پلانیان هەیە سزای زیاتر بەسەر ئێران بسەپێنن.
سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران بە هەڵدانی نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ڕایگەیاند، هێرشەکە لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان بووە.