بارزانى: تا هێزی نایاسایی لە شنگال بمێننەوە ئاوەدان ناکرێتەوە

ئێزدییه‌كانی شنگال یادداشتێك ده‌ده‌نه‌ بارزانی

K24هه‌ولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی رایدەگەیەنێت تا هێزی نایاسایی لە شنگال بمێننەوە، دەڤەرەکە ئاوەدان ناکرێتەوە.

سەرۆک بارزانی لەمیانه‌ی کۆبوونەوەیه‌ك لەگەڵ میری ئێزدیان و ئەندامانی ئەنجوومەنی روحانی ئێزدی جەختیکردەوە هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ بە پارێزگاکردنی شنگال و گوتیشی له‌ رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دەکرێت و دەبێ هێزەکانی سەر بە پەکەکە ناوچەکە جێبهێڵن.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی هەینی 17ـی 3ـی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە میر تەحسین میری ئێزدییەكان و بابێ شێخ و ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزدی كرد و لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخ و گرفت و كێشەكانی دەڤەری شنگال و هەروەها دواڕۆژی ئێزدییەكان كرا.

سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوونی میرتەحسین میری ئێزدیان و بابێ شێخ و ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزدی لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراواندا لەگەڵ ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و ڕۆشنبیری و ئیداری و سەربازیی ئێزدییەكانی شنگال و ناوچەكانی دیكەی كوردستان كۆبۆوە.

سەرۆك بارزانی، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، رۆشنایی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئەو كارەسات و نەهامەتییەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و كارەساتی شنگالیشی بە ئەڵقەیەك لە زنجیرەی ئەو كارەساتانە لە قەڵەمدا كە دوژمن لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە.

وه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌، بارزانی راشیگه‌یاندووه‌، ئێزدییەكان بە درێژایی مێژوو تووشی زوڵم و ئینكار هاتوونە و ئەو زوڵمەیش بەهۆی پێناسەی ئایینی و نەتەوەیی ئێزدییەكان بووە.

ئەوەشی دووپاتكردووه‌ته‌وه‌، عیبادەت و دینداریی ئێزدییەكان بە زمانی كوردییە و ئێزدییەكان كوردی ڕەسەنن و هیچ كەس و لایەنێكیش بۆی نییە هیچ پێناسەیەك بەسەر ئێزدییەكاندا بسەپێنێت.

سەرۆك بارزانی ئێش و ئازاری ئێزدییەكانی بە ئێش و ئازاری هەموو گەلی كوردستان زانی، هەربۆیەش پێشمەرگە بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال و ڕێگاكانی سەدان شەهیدی بەخشی.

سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە پێشمەرگە قارەمانانە تۆڵەی لە تیرۆریستانی داعش كردەوە و ئێستا تیرۆریستانی زاڵم كەوتوونەتە ژێر پێی ئێزدییەكان و لە ئاییندەدا هەموو ئەو ناوچە و گوندانەی لەژێر دەستی داعش ماون ئازاد دەكرێن و پێویستیشە ڕێوشوێنی وا بگیرێتەبەر كە چیتر كارەسات لەدژی ئێزدییەكان دووبارە نەبێتەوە و بپارێزرێن.

لەدرێژەی وتەكەیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی خەڵك و بە پارێزگاكردنی شنگال و ئاماژەی بەوەدا كە هەموو هەوڵەكانی خستووەتەڕوو كە لەڕێگەی حكوومەتی هەرێم و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان و بووژانەوە بۆدەڤەری شنگال بكرێت و خەڵكی ناوچەكە بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن.

سەبارەت بە بوونی هێزی تر لەم دەڤەرە سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە هەتا دامودەزگەی ڕەسمیی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگالدا هەیە ناكرێ هێزی تر هەبێ كە ڕێگە لە ئاوەدانكردنەوە و چالاكییەكانی دامودەزگەی حكوومی و جموجۆڵی پێشمەرگە بگرێت. پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی بۆچوونی وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال شیكردەوە كە لەسەر ئەم بڕوایەن هەتا هێزی نایاسایی لەم دەڤەرەدا مابێ ئامادە نین یارمەتیی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بدەن.

ئامادەبووان سوپاسی خەمخۆری و هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆك بارزانیان كرد لە بەجێگەیاندنی بەڵێنی ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال و داوایشیان كرد هەروەكچۆن لە قۆناغی نووسینەوەی دەستووری عێراق و قۆناغەكانی تر و تێكشكاندنی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی پشتیوانی ئێزدییەكان بووە لە ئاییندەیشدا چاویان لەوەیە سەرۆك بارزانی پشتیوانیان بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و پاراستنیان لە پیلانی ناحەزان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە ئامادەبووان لەبارەی كێشەكانی دەڤەری شنگال و باشیك و ڕەوشی ئێزدییەكان لە كوردستان و بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی شنگال و ئازادكردنی ئەو ئێزدیانەی هێشتا لەژێر دەستی داعشدان، تێبینی و پێشنیاری خۆیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و داواكاری و پێویستییەكانی خوشك و برا ئێزدییەكان میری ئێزدیان و بابێ شێخ و ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزدییەكان یادداشتنامەیەكیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

بارزانى: تا هێزی نایاسایی لە شنگال بمێننەوە ئاوەدان ناکرێتەوە
بارزانى: تا هێزی نایاسایی لە شنگال بمێننەوە ئاوەدان ناکرێتەوە
بارزانى: تا هێزی نایاسایی لە شنگال بمێننەوە ئاوەدان ناکرێتەوە
بارزانى: تا هێزی نایاسایی لە شنگال بمێننەوە ئاوەدان ناکرێتەوە
بارزانى: تا هێزی نایاسایی لە شنگال بمێننەوە ئاوەدان ناکرێتەوە
بارزانى: تا هێزی نایاسایی لە شنگال بمێننەوە ئاوەدان ناکرێتەوە
بارزانى: تا هێزی نایاسایی لە شنگال بمێننەوە ئاوەدان ناکرێتەوە
Fly Erbil Advertisment