تەكنەلۆژیا پێگەی رۆژنامەی کا‌غەزی لەقکردووە

رۆژنامەی کاغەزی پاشەکشێی کردووە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/bfac7521-e47d-4396-ae07-b9f4cbc3240e/rojnama.ism/manifest

K24 - سلێمانی

لە ساڵی 2017 رۆژنامەی کاغەزی بەرامبەر رۆژنامەی ئەلیکترۆنی پاشەکشەی کردووە، نووسەرو رۆژنامەنووسان پێانوایە پاشەکشەی رۆژنامەی کاغەزی رەهەندێکی جیهانی وەرگرتووە و کارمەندی چاپخانەکانیش رایدەگەیەنن، تیراژی هەندێك رۆژنامە و گۆڤار لە 30 هەزارەوە بۆ دوو هەزار دابەزیووە.

لەبارەی پاشەكشێی رۆژنامەی كاغەزی، ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری کوردستانی نوێ بە كوردستان24 گوت: "فەرھەنگی خوێندنەوەی رۆژنامە لە كوردستان تا ئێستا فەرھەنگی رۆژنامەی رۆژانە نییە، بەڵكو فەرھەنگی خوێندنەوەی رۆژنامەی ھەفتانەیە، ھەروەھا لە كوردستان كێشەیەكی دیكە بۆ رۆژنامەی كاغەزی ھەیە، تا ئێستا كۆمپانیایەك نییە كە لێیەوە رۆژنامە بڕواتە ھەموو شوێنێكەوە، ھۆكارێكی دیكە ئەوەیە، خوێنەری كورد خوێنەرێكی تەمبەڵە، ھاوبەشی ئەو رۆژنامانە دەكات كە ھەفتانەن".

ھەر لەسەر ئەو پرسە کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی: "لە ھەرێمی كوردستان لە كۆی نزیكەی 900 مۆڵەتی كاغەزی تەنھا 12 رۆژنامە دەردەچێت، ئەوانیش رۆژانە دەرناچن كە ئەمە ژمارەیەكی زۆر كەمە".

رەزا فارس، کارمەندی یەكێك لە چاپخانەكانی كوردستانە ئەو دەڵێت: "پێشتر گۆڤار و رۆژنامەی زۆر چاپ دەكرا، ئێستا تەنانەت یەك گۆڤاریش لای ئێمە چاپ ناكرێت، زۆر كەمبووەتەوە، ئەوەی دەریش دەچێت تیراژی زۆر كەمبووەتەوە، هەندێك رۆژنامە و گۆڤار لە 30 هەزارەوە بۆ دوو هەزار دابەزیووە".

بەپێی دوایین ئاماری فەرمی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 900 رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە مۆڵەتی کاریان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا تەنیا 35 بۆ 40 لەو گۆڤار و رۆژنامانە، هافتانە دەردەچن، جگە لە هەردوورۆژنامەی خەبات و کوردستانی نوێ رۆژانە دەردەچن، هەروەها 43 كه‌ناڵی ئاسمانی و93 کەناڵی لۆکاڵی و143 رادیۆی ناوخۆیش له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن.

دارشتنەوە: ھ.م

Fly Erbil Advertisment