سه‌رۆكێك به ده‌سه‌ڵاتی نوێ و فراوانه‌وه
ئه‌ردۆغان یه‌كه‌م سه‌رۆكی توركیایه بۆ 5 ساڵی دیكه سیستمی به‌ھێزی سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێوه ده‌بات

K24 - هه‌ولێر:
خه‌ونه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هاته‌دی و توركیای له سیستمی په‌رله‌مانییه‌وه گواسته‌وه سه‌رۆكایه‌تی، رۆژی 24ـی حوزه‌یرانی 2018 بووه رۆژێكی مێژووی و سه‌رۆكی ئه‌كه‌په بووه یه‌كه‌م سه‌رۆكی توركیا به سیستمی سه‌رۆكایه‌تی و 52.72% ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و بۆ ماوه‌ی 5 ساڵی دیكه سه‌رۆكێكی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ره‌های كۆماری توركیا ده‌بێت. ركابه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌یشی كه موحه‌ڕه‌م ئینجه كاندیدی پارتی گه‌لی كۆماری توركیا بوو، ته‌نها 30.74% ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناو نه‌یتوانی رێگه له خه‌ونه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بگرێت، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بخاته گه‌ڕی دووه‌م.
ئێستا توركیا لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له مێژووی خۆی هه‌ڵده‌داته‌وه‌و به‌هۆی هه‌مواركردنی ده‌ستووری وڵاته‌كه له مانگی نیسان / ئه‌پرێلی ساڵی 2017 به ده‌نگی 51.3% ده‌نگده‌ران بڕیاردرا له سیستمی په‌رله‌مانییه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ سیستمی سه‌رۆكایه‌تی.
زۆربه‌ی كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رۆژی 24ـی حوزه‌یرانی 2018 ده‌یانگووت: "ئه‌گه‌ر سه‌ربكه‌ون به‌ر به كاروانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌گرن و رێگه ناده‌ن سیستمی حوكمڕانی سه‌رۆكایه‌تی بێت و ده‌یگێڕنه‌وه بۆ په‌رله‌مانی"، به‌ڵام دواجار ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی "پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ژادپه‌رستی توركیا "مه‌هه‌په" سه‌ركه‌وتن و جیا له سه‌رخستنی ئه‌ردۆغان زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیشیان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر كرد.
له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی توركیا بۆ سیستمی سه‌رۆكایه‌تی، گۆڕانكاریی گه‌وره له‌و وڵاته‌دا رووده‌دات كه ژماره‌ی دانیشتوانی ده‌گاته 82 ملیۆن كه‌س، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه به (هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك، ده‌سه‌ڵاته‌كانی په‌رله‌مان له بواری چاودێریی و پشكنین، چۆنێیه‌تی كاركردنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و چۆنێتی لێپرسینه‌وه له سه‌رۆك).
ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك
سه‌رۆك، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ته و ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێبه‌جێكردن و سه‌ركردایه‌تی سوپای له ده‌ست ده‌بێت. ئه‌و بڕیار ده‌دات له كاتی پێویستدا هێزه چه‌كداره‌كان به‌كاربهێنرێن. سه‌رۆك یاسای په‌یوه‌ست به گۆڕانكاریی ده‌ستووریی و راپرسی گه‌ل ده‌خاته روو ئه‌گه‌ر بینی پێویسته. هه‌روه‌ها مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه مه‌رسووم له‌و پرسانه‌دا ده‌ربكات كه په‌یوه‌ستن به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه. به‌ڵام بۆ ئه‌و پرسانه‌ی به روونی به یاسا رێكخراوون، سه‌رۆك ناتوانێت هیچ مه‌رسوومێك ده‌ربكات.
سه‌رۆك ده‌توانێت بڕیاری راگه‌یاندنی باری نائاسایی ده‌ربكات، ئه‌گه‌ر مه‌رجه دیاریكراوه‌كانی ناو یاساكه هه‌بن. هه‌روه‌ها ده‌توانێت یاریده‌ده‌ر و وه‌زیره‌كانی دابمه‌زرێنێ و له كاریش دووریانبخاته‌وه.
دیارترین هه‌مواركردنه‌كانی گواستنه‌وه بۆ سیستمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه و سه‌رۆك خۆی ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی جیبه‌جێكردن ده‌گرێته ئه‌ستۆ كه له‌گه‌ڵ ده‌ستوور ناكۆك نیین.
سه‌رۆك ده‌توانێت بوودجه‌ی گشتی وڵات بخاته به‌رده‌ستی په‌رله‌مان و له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌و ناوخۆشدا رای خۆی بخاته روو.
سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌توانن 4 ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری و داواكاری گشتی دیاری بكه‌ن. ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریش ده‌توانێت كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو سیستمی دادوه‌ری دابمه‌زرێنن و له‌كار دووریان بخه‌نه‌وه.
سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتی دیكه‌یشی هه‌یه، ده‌توانێت یاسا بڵاوبكاته‌وه‌و سه‌رپه‌رشتی سوێندخواردنی نوێنه‌ران بكات و سزا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه یان له‌سه‌ر زیندانییه‌كانی سووك بكات، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی تووشی نه‌خۆشی دریژخایه‌ن بوون یان چوونه‌ته ساڵه‌وه.
به‌ڵام سه‌رۆك له میانی مه‌راسمی سه‌رۆكایه‌تیدا ناتوانێت هه‌موار له به‌شی دووه‌می ده‌ستوور بكات كه په‌یوه‌ستن به مافی گشتی و مافه‌كانی تاك. هه‌روه‌ها به‌شی چواره‌می ده‌ستوور كه په‌یوه‌سته به مافه سیاسییه‌كان. چونكه له مادده‌ی حه‌وتی ده‌ستووره نوێیه‌كه‌دا هاتووه "ده‌بێت كاندیدی سه‌رۆككۆمار ته‌مه‌نی له سه‌رووی 40 ساڵییه‌وه بێت" و خاوه‌ن بڕوانامه‌یه‌كی ئه‌كادیمی باڵا بێت و هاووڵاتی توركیا بێت.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك ده‌توانێت دادگا سه‌ربازییه‌كان ههڵوهشینێتهوهو له‌وانه‌ش دادگای باڵای سه‌ربازی و دادگای كارگێڕیی باڵای سه‌ربازی و پێكهێنانی دادگای سه‌ربازیش له وڵات‌دا قه‌ده‌غه بكات.
ئێستا ئه‌ردۆغان پاش سه‌ركه‌وتنی بووه‌ته خاوه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته گه‌وره و فراوانانه و له چه‌ندین بواری دیكه ورده‌كارییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداریتی توركیاشدا ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌یه.