دانیشتوانی پەلکانە داوای راگرتنی تەعریبکردنەوە دەکەن
"تەنیا بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا کێشەی ناوچە کوردستانییەکان چارەسەر دەبێت"
K24 - ھەولێر
گوندی پەلکانە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە بەدەست پاشماوەی چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبی و عەرەبە ھاوردەکانەوە دەناڵێنێ، خەڵکی گوندەکە داوا دەکەن سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەوڵبدەن ئەو تەعریبە رابگرن کە لە سەر ناوچەکە و ماڵ و زەویەکانیان ھەیە، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقیش پێیوایە چارەسەری کێشەی ئەم ناوچانە پێویستی بە رێکكەوتنی سیاسی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، چونکە ئەم ناوچانە کوردستانین.
عەرەبی ھاوردە لەلایەک و چەکدارانی نەناسراو و ھێزە عێراقییەکانیش، لەلایەکی دیکە ژیانی خەڵکەکەی خستووەتە مەترسیەوە. زەرەرمەندانی یەکەمیش جوتیارانی ناوچەکەن، کە خانوو زەویەکانیان لەلایەن عەرەبی ھاوردەوە داگیر دەکرێن.
موختاری گوندەکە دەڵێت "تائێستا ئێمە باجی رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر دەدەین و بە بێکەسی لە گوندەکەماندا بەھۆی کوردبوونمان ئازار دەدرێین ".
شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی گوندەکەیان کرد و گوێ بۆ ئەو مەینەتیانە دەگرن کە جوتیاران و خەڵکی ئەم گوندە باسی دەکەن، پێشیان وایە چارەسەری کێشەی ئەم ناوچانە پێویستی بە رێکكەوتنی سیاسی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە.
لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر و رۆژانی دوای ساڵی 2017 ھاووڵاتییان و جوتیارانی ناوچەکە جارێكی دیكە رووبەڕووی سیاسەتی تەعریب بوونەتەوە، ئەمە جگە لە مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە بوونی ھێزە عێراقیییەکان و حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی دیکە، گرفتێکی دیکەی ناوچەکەیە.
ناحیەی سەرگەڕان لە 42 گوند پێکھاتوە تەنھا 2 گوند عەرەب نشینن 40 گوندەکەی دیکە کوردن، بەڵام تەعریبی بەردەوام دیموگرافیای ناوچەکەی گۆڕیووە.