رووماڵ

مەسرور بارزانی: پارتی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

یەکشەممە، 06-10-2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ گەنج و لاوانی دهۆک ڕایگەیاند، "پارتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان یەکەم دەبێت و لە ژێر سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، هەر یەکەم دەبێت". 

مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد: "پارتی، بۆ ڕکابەریکردنی هیچ لایەنێکی سیاسیی دانەمەزراوە، بەڵکوو بۆ دژایەتیکردنی ستەم، زۆرداری و داگیرکەری دروست بووە؛ لە ڕۆژی دامەزراندنیشییەوە، هەر بە سەربەزی و بەیەک ڕیزیی ماوەتەوە. بە پشتیوانی خوا و خەڵکی خۆشەویستی کوردستانیش ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت". 

پارتی، وەکوو ئەوەی مەسرور بارزانی باسی کرد: "بۆ ڕزگارکردنی خاکی کوردستان دامەزراوە و دەمانەوێت وەکوو هەموو گەلانی جیهان، بگەینە هەموو مافەکانمان". جەختیشی کردەوە: "شکست بە پلانی شکستپێهێنانی پارتی هێنراوە، لە مێژوو فێر ببن؛ دڵنیابن لەوەی پارتی ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت، چونکە خوا و خەڵکی کوردستان پشتیوانی پارتییە". 

جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: "ئێمە لە کاتێکدا داوای ئاشتی دەکەین، کە لە هەرێمی کوردستان لە هەمووان بەهێزترین و هەرگیز وەکوو ئێستە بەهێز نەبووینە. ناحەزانی پارتی، هەرگیز وەکوو ئێستە بێهێز و دەستکورت نەبوونە؛ بەڵام سەرەڕای ئەمە، دەستی ئاشتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین". 

مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە: "هیچ لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بەبێ پارتی دەستکەوتێک بەدەست بهێنێت". گوتیشی: "دەمانەوێت کوردستان ئارام بێت و پێش بکەوێت، بەڵام هەندێک لایەنی دیکە کوردستانیان کردووەتە قوربانی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکانیان و لە خەمی هاووڵاتییاندا نەبوونە". 

پارتی، بە گوتەی مەسرور بارزانی: "حزبی هەموو ئایین و نەتەوەیەکە؛ توانیومانە بە درێژایی مێژوو بەرگریی لە مافەکانی پێکهاتە و نەتەوەکانی جیاوازی کوردستان بکەین".  ئەوەشی خستە ڕوو "لە سایەی پارتی، ئێستە هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". 

جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەرین و گەرمیان کرد: "لە هیچ کەسێک نەترسن، کەس خاوەنی ئێوە نییە، ئێوە گەلێکی ئازادن، خاوەنی شۆڕشی ئەیلوول و ئەم وڵاتە و بڕیارەکەتانن. هیچ دەسەڵاتێکی فاسد و گەندەڵ ناتوانێت ڕێگەتان لێ بگرێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی بڕیارەکەتان". 

مەسرور بارزانی دەپرسێت: "ئەو کەسانەی وەفایان بۆ تێکۆشەرانی ئەم میللەتە نەبووە، چۆن وەفایان بۆ ئێوە و داهاتووی ئەم میللەتە دەبێت؟ کاتی هاتووە بە هانای هەموو گوند و شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە بچین و نەهێڵین چی دیکە، دەستی گەندەڵی، خۆسەپێنی نایاسایی لە هیچ شوێنێکی کوردستان بەردەوام بێت". 

جێگری پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گەورەترین خیانەتی سەردەم لە مێژووی کوردستاندا، ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ڕووی دا، بەڵام هەروەکوو چۆن جەنگاوەرانی پارتی و کوردستان، ڕۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر لە پردێ لووتی دوژمنانیان شکاند، لە 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵیش، جارێکی دیکە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان، لووتی ناحەزانی پارتی دەشكێنین".