کۆمیسیۆن: بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن، پشتیوانمان بن

پێنجشەممە، 10ـی ئۆکتۆبەری 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان زۆربەی بڕگەکانی خشتەی زەمەنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی خولی شەشەم تەواو کرد، هاوشان لەگەڵ نزیکبوونەوە ڕۆژی دەنگدان لە 20ـی 10ـی 2024، کۆمیسیۆن داوا لە حزبە سیاسییەکان، هاوپەیمانییەکان و پاڵێوراوانی بەشدار لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکات کە پاڵپشتیی کارەکانی کۆمیسیۆن بکەن و بەشداربن لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان".

ئاماژەی بەوەش دا: "کۆمیسیۆن هیواخوازە کە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، تا ڕۆژی دەنگدان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی کۆتایی، هیچ بیرۆکەیەکی توندوتیژی لەخۆ نەگرێت، وەک ڕق و کینە، یان سووکایەتیی یان زیانگەیاندن بە کاندیدەکانی دیکە و حزبە ڕکەبەرەکان".

لە هەمان کاتدا کۆمیسیۆن داوا دەکات: "ڕێگە یاساییەکان بگیرێنەبەر لە پێشکەشکردنی سکاڵا و تانەدان و دوورکەوتنەوە لە کار و کاردانەوەی نێوان ڕکەبەرەکان. هەروەها، بەپێی ئەو پەیڕەو و میکانیزمانەی کۆمیسیۆن دایناون و بەوپەڕی بێلایەنی و سەربەخۆییەوە سەیری ئەو سكاڵا و تانانە دەکرێن کە پێشکەش کراون".

ئەوەشی خستە ڕوو: "کۆمیسیۆن، داواخوازە لە هاوبەشانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەنگدەران، هاوپەیمانییەکان، حزبە سیاسییەکان، پاڵێواراوان، چاودێران، ڕاگەیاندکاران، هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە کاروباری هەڵبژاردنەکانەوە هەیە، پشتگیریی کارەکانی کۆمسیۆن بکەن و بەشداربن لە هەوڵەکانی کۆمیسیۆن کە ئامانج لێیان بریتییە لە ڕێکخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و بێگەرد کە جێگەی متمانەی هەمووان بێت".

هەروەها کۆمیسیۆن دووپاتی دەکاتەوە: "بە شێوەیەکی پیشەیی و بێلایەن کار دەکات و بەیەک چاو دەڕوانێتە هەمووان، ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەریی هەڵبژاردن و پاراستنی دەنگی دەنگدەرانە".

ڕاشیگەیاند: "بەو هیوایەی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنانە هەنگاوێکی ڕاست بێت بەرەو ئایندەیەکی سەلامەت و خۆشگوزەران بۆ گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق".

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment