دانا عەبدولکەریم: بڕیاری کشانەوەی گۆڕان لە حکوومەت نایاساییە

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بڕیاری کشانەوە لە حکوومەت نایاساییە و کاری پێ ناکرێت".
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "من وەکو وەزیری ئاوەدانکردنەوە و سەرۆکی تیمی وەزاری بزووتنەوەی گۆڕان، جڤاتی هەڵبژێردراوی گۆڕان هەر بڕیارێک بدات، لە سەدا 100 پێوەی پابەند دەبم".
گوتیشی: "بەدەر لە جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان، هیچ کەسێکی دیکە مافی بڕیاردانی بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە، دەشڵێت: لە ڕۆژی 9-10-2024، کۆبوونەوەیەک بەناوی جڤاتی نیشتیمانییەوە کراوە، دوو بڕیاریان داوە کە هەردوو بڕیارەکە پوچەڵن و کاریان پێ ناکرێت".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو برادەرانەی ئیستا بانگەشەی کشانەوە دەکەن، لەدوای من پێشنیارییان کرد کە دەبێت لیژنەیەک بۆ کشانەوە لە حکوومەت پێک بهێنرێت، کە میکانیزمی بۆ دیاری بکات و دواتر بڕیار بدرێت".
ڕاشیگەیاند: "ئەو برادەرانەی ئێستا مەکۆیەکی دیکەیان بۆ خۆیان دروست کردووە، لە کۆی 32 ئەندام تەنیا 11 ئەندام لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون، بۆیە بڕیارەکەیان پوچەڵە و کاری پێ ناکرێت".
چوارشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2024 کۆبوونەوەى نائاسایی جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان، بە بەشداریی زۆرینەی ئۆرگانەکان و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە سلێمانی بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، زۆرینەى ئەندامانی جڤاتى نیشتیمانى، متمانەیان بەخشیەوە بە دانا ئەحمەد مەجید، وەک ڕێکخەرى گشتى بزووتنەوى گۆڕان. ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕۆژى 18ى ئەیلوولى 2024دا، بە نووسراوی فەرمی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرجەم دەسەڵاتە رێکخراوەییەکانى بزووتنەوەی گۆڕان لە عومەر سەید عەلییەوە گواسترایەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید، کە پەیڕەوى دەسەڵاتەکانى ڕێکخەرى گشتىی بکات.
هاوکات، ڕێکخەرى گشتى بزووتنەوى گۆڕان "هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بە وێستگەیەکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەرێم و بزوتنەوەکە ناوبرد و داوای لە سەرجەم ئۆرگانەکان کرد بە گڕوتینەوە بەشداریى بانگەشەى هەڵبژاردن بکەن و هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنى کاندیدانى لیستى 114".