رووماڵ

یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆن: تا ئێستا پرۆسەکە بە ڕێکوپێکیی بەڕێوە دەچێت

یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵا ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 7ـی بەیانی سندووقەکانی دەنگدان کراونەتەوە و بڕیاریشە لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دابخرێن.

نەبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند "دوای 48 کاتژمێر لە دەنگدانی تایبەت، ئەمڕۆ دەنگدانی گشتیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت."

گوتیشی: لە کاتژمێر 7ـی بەیانی سندووقەکانی دەنگدان کراونەتەوە و بڕیاریشە لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دابخرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، وێستگەیەکی تایبەت لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا و وێستگەیەک لە هەولێر و یەکێکی دیکە لە سلێمانی بۆ کەسایەتییە گەورەکان دیاری کراوە.

نەبراس ئەبو سۆدە ڕاشیگەیاند، سوپاس بۆ خوا، پرۆسەکە لە کاتی دەست پێ کردنیەوە تاوەکو ئێستا زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت، هەروەها ئەنجامە سەرەتاییەکانیش دوای 24 کاتژمێر لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕادەگەیەنرێت.

کاتژمێر 7ـی ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد. هەروەها لە دەنگدانی گشتیی دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.

ژمارەی دەنگدەرانی گشتیی بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 933,115 دەنگدەر
بازنەی سلێمانی: 1,008,412 دەنگدەر
بازنەی دهۆک: 682,791 دەنگدەر
بازنەی هەڵەبجە:  59,300 دەنگدەر
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەزار و 266 بنکە و شەش هەزار و 318 وێستگەی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان کردووەتەوە.


ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 498 بنکە و 2213 وێستگەی دەنگدان 
بازنەی سلێمانی: 477 بنکە و 2373 وێستگەی دەنگدان
بازنەی دهۆک: 264 بنکە و 1596 وێستگەی دەنگدان
بازنەی هەڵەبجە: 27 بنکە و 136 وێستگەی دەنگدان کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ناوی هەزار و 191 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کردووە و کێبڕکێ لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی دەکەن.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر دەنگدانی تایبەت بەڕێوە چوو، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕێژەی بەشداری سەدا 97 بوو.