رووماڵ

یونامی: خەڵکی کوردستان شایستەی ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەرانن

محەممەد حەسان نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق
محەممەد حەسان نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق

محەممەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق، ناسراو بە (یونامی) ڕایگەیاند "بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان بە هێمنی، سەلمێنەری شارستانێتی خەڵکی کوردستانە."

حەسانی، لە کاتی بەسەرکردنەوەی بنکەیەکی دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە لە هەرێمی کوردستان و پیرۆزبایی لە خەڵکی ئەم هەرێمە خۆشەویست و بە بەهایە دەکەین، هیوادارین هەر وەک ئەوەی بینیومانە پرۆسەکە بە هێمنی و ڕێکوپێکی بەڕێوە بچێت، ئەمەش سەلمێنەری شارستانێتی خەڵکی کوردستانە."

هەروەها گوتیشی: "پەیامم بۆ ئەوەی مێدیاکاران ئەوەیە کە بە تایبەت زیاتر جەخت بکەنە سەر لایەنە ئەرێنییەکانی پرۆسەکە، چونکە پرۆسەیەکی هێندە ئاسان نییە، هەروا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکار و پشتیوانیی عێراق و هەرێمی کوردستانە و بەردەوامیش دەبێت، چونکە خەڵکی کوردستان شایستەی ئاسایش و سەقامگیری و هەموو خۆشگوزەرانییەکە."

محەممەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق ڕاشیگەیاند "ئەوەی ئەمڕۆ دەکرێت، ڕێگە ڕووناککەرەوەیە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەربۆیە هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم."

کاتژمیر حەوتی بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەبرێت.