رووماڵ

ئاسایشی هەولێر: دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان تەقەی خۆشی قەدەغەیە

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر

ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە شاری هەولێر و دەوروبەری، بە مەبەستی خۆشی دەربڕین، بە هەموو شێوەیەک تەقەکردن قەدەغەیە.

یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان لەشاری هەولێر و دەوروبەری بە شێوەیەکی هێمن و دوور لە هیچ گیرو گرفتێک، بە مەبەستی خۆشی دەربڕین، بەهەموو شێوەیەک تەقەکردن قەدەغەیە و ڕێگە پێدراو نییە.

ئاسایشی هەولێر، دەڵێت: هەر کەسێک پابەند نەبێت و سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دەستگیر دەکرێت.

هاوکات داواکارە لە هەموو لایەک، پابەندی پاراستنی هێمنی و سەلامەتی هاووڵاتییان بن .

کاتژمێر 7ـی ئەمڕۆ 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد. لە دەنگدانی گشتییدا دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەبن.