بانکی ناوەندیی عێراق بە بەهای 68 ملیار دینار سزا بەسەر بانک و کۆمپانیاکان دەسەپێنێت

لە چارەگی سێیەمی ئەم ساڵ بانکی ناوەندیی عێراق بە بەهای زیاتر لە 68 ملیار دینار سزای دارایی بەسەر بانک و کۆمپانیاکاندا سەپاندووە.
بانکی ناوەندیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە پشتبەستن بە بنەماکانی شەفافییەت و چاودێریکردنی بانکی ناوەندیی عێراق لەسەر بانک و دامەزراوە داراییەکاندا بە ئامانجی دڵنیابوون لە پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکان، بانکی ناوەندیی عێراقی سزای دارایی و کارگێڕی بەسەر ئەو بانک و دامەزراوە داراییانەدا سەپاندووە کە ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندییان پشتگوێ خستووە.
بەپێی خشتەی سزاکانی بانکی ناوەندیی عێراق، کۆی گشتی سزا داراییەکان و سزا کارگێڕییەکان بۆ چارەگی سێیەمی 2024 بەم شێوەیە بووە:
لە مانگی تهممووزدا، سزای دارایی بە بەهای 56,385,838,628 دینار و 49 سزای کارگێڕی سەپێنراون.
لە مانگی ئابدا، سزای دارایی بەبەهای 9,329,597,846 دینار و هەشت سزای کارگێری سەپێنراوە.
لە مانگی ئەیلوولدا، سزای دارایی بەبەهای 2,331,465,084 دینار و 13 سزای کارگێری سەپێنراوە.
کۆی گشتی، سزا داراییەکان لە چارەگی سێێەم 68,046,901,558 دینار بووە و 70 سزای کارگێریش سەپێنراوە.