رووماڵ

مەسرور بارزانی: سیستەمی پێشکەتووی بانکیی کوردستان وەبەرهێنەرانی دەرەکی ڕاکێشاوە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی  لە پانێلێکی دیداری مێریدا گوتی: سیستەمی پێشکەتووی بانکیی لە هەرێمی کوردستان، وای کردووە وەبەرهێنان متمانە دروست بکەن و بۆ وەبەرهێنان ڕوو بکەنە کوردستان.

سێشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) گوتی: سیستەمی پێشکەتووی بانکیی لە هەرێمی کوردستان، وای کردووە وەبەرهێنان متمانە دروست بکەن و بۆ وەبەرهێنان ڕوو بکەنە کوردستان.

مەسرور بارزانی گوتی: ئەو پرۆژانە گرنگن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری دەرەکی، هەر وەبەرهێنەرێک بیەوێت بێتە کوردستان و وەبەرهێنان بکات لە کوردستان، سەیری سیستەمی بانکی دەکات، ئەگەر ئەو سیستەمە بانکییە نەبێت ، یاخود لە ئاستی سیستەمی جیهانیدا نەبێت، ڕەنگە ئەو وەبەرهێنەرە نێتە کوردستان.

سەرۆک وەزیران گوتیشی: بۆیە دابینکردنی ئاسایش و سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکیی و یاسا، کاری زۆر کراوە، کە بە یاسا دەبێت مافەکانی هەر کەسێک پارێزراو بێت، چ یاسای وەبەرهێنان بێت، یاخود یاسای پاراستنی ماف بێت، یا بابەتی خانەنشینی خەڵکیش بێت کە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن، لەسەر هەموو ئەوانە کاری جدیی کراوە.

مەسرور بارزانی گوتی: بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مافی فەرمانبەر لە کەرتی تایبەتیش کار کراوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بەشێوازێک گەرەنتی ئەوەیان هەبێت  مافیان نەفەوتێت، بۆ ئەوەی دوای کارەکەی کە تەواو بوو، خانەنشین بکرێت،  فەرمانبەری کەرتی تایبەتیش بتوانێت خانەنشین بکرێت.

مەسرور بارزانی گوتی: ئەمانە هەموو بۆ  ئەوەیە بتوانین کەشێکی وا بخوڵقێنین کە هاووڵاتییان خۆیان تێدا ببیننەوە، هاوکات پەیوەندییەکی تەندروستیش لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانە دروست بکرێت کە چاو لە کوردستان بکەن وەکو شوێنێک کە گونجاوە و سوودی تێدایە و سوودی هاوبەشی تێدایە، نەوەک تەنها بۆ خاوەن ماڵ، بەڵکو بۆ ئەوانەشی کە وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.