رووماڵ

پارێزگاری کەرکووک: هەموو گرفتەکان چارە کراون

پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند، لە پرۆسەی سەرژمێری هەر کێشەو گرفتێک هەبێت چارە کراوە، پرۆسەکەش تاوەکوو سبەینێ پێنج شەممە، 12ـی شەو بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لە پرۆسەی سەرژمێری هەر کێشەو گرفتێک هەبێت چارەسەر کراوە، لە کاتژمێر 7ـی بەیانییەوە تیمەکان دەستیان بە تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتیان کردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "هێزە ئەمنیەکانیش کارەکانیان بەباشی ڕاپەڕاندووە، هەروەها سوپاسی هاووڵاتیان دەکەم کە پابەندن بە ڕێنماییەکان، بەوەی لە ماڵەکانی خۆیان دانیشتوون تاوەکوو تیمەکان ناوەکانیان تۆمار بکەن". 

پارێزگاری کەرکووک گوتیشی: "پرۆسەی سەرژمێری ئەمڕۆ دەستی پێ کردووە تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، کاتژمێر 12ـی شەو بەردەوام دەبێت".

لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیدا، زیاتر لە 130 هەزار بژمێر بەشدار دەبن و 77 پرسیاری تایبەت بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان دەکەن.