دوای 48 کاتژمێر ئەنجامی بەرایی سەرژمێری بڵاو دەکرێتەوە

لێژنەی باڵای سەرژمێریی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای وەرگرتنی زانیارییەکان لەماوەی 48 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی بڵاو دەکەنەوە.
لێژنەی باڵای سەرژمێریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لەوەدەکات "پرۆسەی کۆکردنەوە و وردبینی لە زانیاریی خێزانەکان بەردەوامە، 48 کاتژمێرش دوای وەرگرتنی زانیارییەکان ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی بڵاو دەکەنەوە."
ئاماژەی بەوەش داوە "لێژنەی ناوەندیی وەرگرتنی زانیارییەکان لە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی بەردەوامە لە کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە، تیمێکی سەد کەسیشیان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هاووڵاتییان سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێری."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، بەردەوام دەبێت.