پەرلەمانتارێک: ئەگەر گرووپە چەکدارەکان ملکەچی حکوومەت نەبن، تووشی شەڕمان دەکەن

ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو گرووپە چەکدارانە ملکەچی دەسەڵات نەبن، دەمانکێشنە ناو شەڕەوە.

حەیدەر سەلامی، بە مێدیای ناوخۆیی گوت: "پێویستە هەموو گرووپە چەکدارەکان بێنە ژێر کۆنترۆڵی وڵات، هەروەها بەردەوامی ملکەچنەبوونیان وڵات دەکێشێتە ناو شەڕ و ململانێکان".

سەلامی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکات، بەڵام هەندێک لەو گرووپانە پەیوەندی دەرەکییان هەیە، ئەمەش ئەرکی گەیشتن بە سەقامگیرییەکی تەواو ئاڵۆزتر دەکات".

جەختیشی لەوە کردەوە کە "هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی حکوومییە و یاسایەکی هەیە کە کارەکانی ڕێکدەخات، لەکاتێکدا گرووپەکانی دیکە لە ماوەی 21 ساڵی ڕابردوودا، هیچ دەستکەوتێکیان بەدەست نەهێناوە".

ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "هەر وڵاتێک خۆی لە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەدوور بگرێت، ئەوە ڕێزنەگرتنە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان".

 
Fly Erbil Advertisment