"پێشمەرگەیەک کە لە سلێمانی گەڕاوەتەوە، بووەتە سەرچاوەی پەتای کۆرۆنا لە خەلیفان"

K24 - خەلیفان

ئەمڕۆ پێنج تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە خەلیفان تۆمارکران، کە بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون، بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفانیش دەڵێ بەنزیکەیی دڵنیان لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە، کە پێشمەرگەیەکە و لە سلێمانی گەڕاوەتەوە.

کاروان کەریمخان، بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 رایگەیاند "دوێنێ پێنج پشکنینی کۆرۆنا کراوە و ئەمڕۆ ئەنجامەکەیان دەرچوو کە هەموویان پۆزەتیڤ بوون، ئەو کەسانە هەموویان بەرکەوتەی کەسێکی تووشبوون، کە گومانمان لێی هەبووە".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی، بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان باس لەوە دەکات "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دۆخی مەترسییەوە بۆ دۆخێکی کارەساتبار دەڕوات".

ئەوانەی ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ بووە، هەموویان کەسوکاری یەکدین. کاروان کەریمخان جەخت دەکاتەوە لەوەی "گومانمان هەیە و دەکرێت بڵێین دڵنیاین لەوەی سەرچاوەی تووشبوونی هەموو ئەوانە، کەسێکە کە ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ بوو، ئەو کەسە منداڵەکانی و دایکیان و براژنی تووشکردووە".

ئەو کەسەی کاروان کەریمخان باسی دەکات دانیشتووی گوندی دەشتی لۆکانە لە سنووری خەلیفان، "پێشمەرگە بووە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، (دوای ئەوەی نیشانەکانی لێ دەرکەوتووە) پابەندی تەواو نەبوون و چاودێرییان نەکردووە تەنیا پێیان گوتووە بڕۆوە بۆ ماڵەوە، نە پشکنینی بۆ کراوە و نە خراوەتە کەرەنتینەوەش، هەروەها ئەو کەسە خۆشی نەیویستووە پشکنین بکات".

 

هـ.ر.

 

Fly Erbil Advertisment