وەزیری ئابووریی لوبنان: بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان پشت بە پشتیوانییەکانی عێراق دەبەستین

ئەمین سەلام، وەزیری ئابووریی لوبنان ڕایگەیاند، حکوومەتی لوبنان پشت بە پشتیوانیەکانی عێراق دەبەستێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە؛ هاوکات بەناوی گەلی لوبنانەوە سوپاسی حکوومەت و گەلی عێراقی کرد بۆ پشتیوانیی هەمیشەیی لوبنان.
ئەمین سەلام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئێمە پشت بە پشتیوانیی عێراق و دەستپێشخەری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبەستین بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان."
وەزیری ئابووریی لوبنان ئاماژەی بەوەش دا "عێراق لوبنانی جێ نەهێشتووە و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیران بۆ ئاوەدانکردنەوە بەرز دەنرخێنین و سوپاسی حکوومەت و گەلی عێراق دەکەین بۆ هەوڵ و پشتیوانی هەمیشەیی لوبنان."
سەلام گوتیشی: "کاری جیددی بۆ قۆناغی دووەمی ڕزگارکردنی لوبنان دەستی پێ کردووە." دەشڵێت: "ئەمەریکا جیددییە لەسەر بەردەوامیی ئاگربەست بۆ گەیشتن بە قۆناغی ئاشتی."
وەزیری ئابووریی لوبنان، باسی لەوەش کردبوو، زیانەکانی ئەو جەنگە بە 15 ملیار دۆلار دەخەملێنرێت، هاوکات لوبنانیش بەهۆی جەنگەکە 10 ساڵ گەڕاوەتە دواوە.