کوردستان24 دەچێتە نێو قوتابخانەیەکی حومس

پەیامنێری کوردستان24 دەچێتە نێو قوتابخانەیەکی حومس کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دەستییان بە خوێندن کردووەتەوە، مامۆستایانی قوتابخانەکەش داوا دەکەن، دەسەڵاتی نوێی سووریا گرنگیی بە کەرتی پەروەردە و خوێندن بدات، دەرفەتی زیاتریش بە کچان بدەن بۆ ئەوەی بخوێنن و بڕانامە بەدەست بێنن.
یەک لە مامۆستاکانی قوتابخانەکە بۆ کوردستان24دەڵێت: سوپاس بۆ خوای گەورە ماوەیەکی کەمە قوتابخانەکان دەستییان بە خوێندن کردووەتەوە و گەڕاینەوە بۆ نێو پۆلەکان، سیستەمی خوێندن گەڕاوەتە سەر دۆخی ئاسایی، دڵخۆشین بەوەی ئاسایش و سەقامگیریی هەیە، قوتابییەکان پابەندن بە دەوامی قوتابخانە، مامۆستاکە گوتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە خوێندن، دوێنێ لە قوتابخانەکە ئاهەنگی سەرکەوتنمان بەڕێوەبرد و ئەمڕۆش دەستمان کردەوە بە خوێندن، هەرچەند دۆخی زانست قورسە ئێستا.
مامۆستاکە گوتی: ئێمە شانازیی بە بڕوانامەکانمان دەکەین، بڕوانامەکانی سووریا لەسەر ئاستی جیهاندا دانی پیانراوە، سووریا سەلماندوویەتی لەسەر ئاستی پزیشکی و ئەندازیاری و زاناکانیشی، لە پێشەنگی وڵاتانی دیکەدایە.
مامۆستاکە دەڵێت: لە ڕابردوودا هیچ هاوکارییەک بۆ قوتابخانەکان نەبوو، تەنها فەرمانمان پێدەکرا، هاوکاریمان لە قوتابییەکان کۆ دەکردەوە بۆ ئەوەی گرنگیی بە قوتابخانەکە بدەین، دەوڵەت لە پێشوودا یارمەتیی قوتابخانەکانی نەدەدا، ئێمە خۆمان پارەی پێداویستییەکانی قوتابخانەمان کۆ دەکردەوە.
مامۆستاکە گوتی: پەیامی ئێمە بۆ حکوومەتی نوێی سووریا ئەوەیە خوای گەورە سەرکەوتوویان بکات، خەڵکی سووریا دڵخۆش بکەن، سووریا ببەنە ئاستێکی بەرزتر، دۆخی مافی مرۆڤ زۆر باشتر بکەن، ئێمە ئامادەین هاوکارییان بین، ئەوانیش یارمەتی نەوەی داهاتوو بدەن، یارمەتی قوتابیان بدەن لە دۆخێکی سەقامگیردا درێژە بە خوێندنیان بدەن، ئێمە دەمانەوێت کەرامەتمان پارێزراو بێت، پێویستە گرنگیی بە خوێندن بدەن، بەتایبەتیش خوێندنی کچان، نابێت فشار لەسەر کچان دروست بکەن و دووریان بخەنەوە لە خوێندن، دەمانەوێت کچەکان بڕوانامەیان هەبێت، ئەوان سوودیان بۆ وڵات دەبێت لە داهاتوودا، ئێمە نامانەوێت منداڵەکانمان چەکیان بەدەستەوە بێت، نامانەوێت منداڵەکان فێری شەڕ بن، دەمانەوێت فێری خوێندن بن.