کەرکووک: ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕادەگیرێت

قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، وەکو دامەزراوەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەکەنەوە، هەرچەندە لە ڕابردوودا گرفت و بەربەستی زۆر هەبووە لەبەردەم یادکردنەوەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، بەڵام مامۆستایان و قوتابیان ئەو بەربەستەیان تێکشاندووە. بەلام ئەمڕۆ سەرجەم قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لەو پارێزگایە یادەکە پیرۆز دەکەن.
سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، دالیا عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ناوەندی زانکۆی کچان لە کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ یادی بەرزکردنەوەی ئاڵای کورد و کوردستانە، ئێمەش لەقوتابخانەکەمان ئاڵای کوردستانمان بەرزکردەوە، گوتیشی، ئێمە هەموو ساڵێک ئەم یادە دەکەینەوە."
هەناسە هێمن، قوتابی قوتابخانەی زانکۆی ناوەندی کچان گوتی: "من وەکو قوتابیەکی کورد زۆر دڵخۆشم بە ڕێوڕەسمی ئاڵای کوردستان، هەروەها ئالای کوردستان ئاڵایەکی پیرۆزە، داواکارم لە خەڵکی کوردستان یەک ڕیز بن، بۆ ئەوەی ئاڵای کوردستان هەروا بە بەرزی بمێنیتەوە."
ئەمڕۆ 17ی کانوونی یەکەم، ڕۆژی ئاڵای کوردستانە و لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و لای هاووڵاتییان ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت و چەندین ڕێوڕەسمی تایبەت بە ئاڵای کوردستان بەڕێوە دەچێت.
بەم بۆنەوەیەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و کوردانی تاراوگەش چالاکیی تایبەت بە ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان بەڕێوە دەبەن.
له ساڵی 1919 دکتۆر کامەران بەدرخان ھەمان ئاڵای وەك ئاڵای کوردستان نیشانی وڵاتانی ئەورووپا داوە، لە ساڵانی شهستهكانیش (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا) لە بۆنه جیاوازهكاندا ھەمان ئاڵایان بەرز کردووهتەوە. دوای ساڵی 1970 ڕەوەندی کوردی لە بۆنە و یادەکاندا ئاڵای كوردستانیان ههڵكردووه. دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991ی باشووری کوردستانيش لەسەر بارهگای حزبی و دهزگا مێدیاییهكان بهرز كرایهوه.
پهرلهمانى كوردستان له دانیشتنی ڕۆژی 11/11/1999 یاسای ژماره (4)ی یاسای ئاڵای ههرێمی كوردستانی عێراقی دهرچوواند، ههروهها پەرلەمان به بڕیارى ژماره (48) لە 19/6/2009 ڕۆژى 17ى كانوونى یهكهمى ههموو ساڵێكى به ڕۆژى ئاڵاى هەرێمی كوردستانی ناساند.
ھۆی دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بۆ 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1945 دهگهڕێتهوه، كاتێك ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری كوردستان، لە مەهاباد هەڵکرا.