هاووڵاتییانی غەززە زستانێکی سەخت لە ژێر خێوەتەکانیاندا بەڕێ دەکەن

زستان بووەتە میوانێکی دڵڕەق و نەخوازراوی ئەو فەڵەستینییانەی غەززە کە بەهۆی جەنگەوە ئاوارەی نێو خێوەتەکان بوونە. هاتنی زستان دۆخی فەڵەستینییەکانی هێندەی دیکە سەخت کردووە.
عومەر شبیت، ئاوارەیەکی غەززەیە و ڕۆژانە هەوڵی پینەکردنی ئەو دڕاوییانە دەدات کە لە خێوەتەکەیاندا دروست بوون؛ بۆ ئەوەی هیچ نەبێت، منداڵەکانی لە کڕێوەی زستان بپارێزێت.
تاکە ئامێری گەرمکەرەوەی فەڵەستینییەکان تیشکی خۆرە، هەر کە خۆریش ئاوا دەبێت، بای ساردی زستان، منداڵان لە شیرینی خەودا ڕادەپەڕێنێت.
عومەر دەڵێت: "لە بانگی مەغریبەوە دەچینە نێو خێمەکان و نایەینە دەرەوە، چونکە دەرەوە زۆر ساردە. بەتایبەت دەوروبەری کاتژمێر 12:00 تاوەکوو 02:00ـی بەیانی زۆر سارد دەبێت. کچە حەوت ساڵانییەکەم بەهۆی سەختی سەرماوە دەگری. ناتوانین لەنێو خێوەتەکەدا ئاگر بکەینەوە، تەنانەت لە دەرەوەش ئەگەر بمانەوێت ئاگر بکەینەوە، لەبەر فڕۆکەکانی داگیرکار (ئیسرائیل) ناوێرین."
شەڕی غەززە، فەڵەستینییەکانی تووشی بار و دۆخێکی سەخت کردووە، وەدەستهێنانی بەرگێکی گەرم، تەنانەت پێڵاوێکی سادەش بۆ منداڵەکانیان، بووەتە خەونێکی مەزنی فەڵەستینییەکان.
سەرباری ئەوانەش زستان و سەرما بوونەتە میوانێکی دڵڕەق و نەخوازراوی نێو خێوەتەکانیان.
ڕەزا ئەبو زەرادە، ئاوارەی فەڵەستینی ئـاماژە بەوە دەدات: "نە جلوبەرگی باش، نە گۆرەوی، هیچ شتێکمان نییە. هەرگیز پێشبینیمان نەدەکرد ژیانێکی لەو شێوەیە بژین. ئەمە نە لە زستان ئەمانپارێزێت، نە لە هاوین."
بەگوێرە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 945 ئاوارەی فەڵەستینی پێویستییان بە جلوبەرگ و کەلوپەلی زستانییە.
سەرەڕای ئەم دۆخە سەختە، ئیسرائیل ڕێگری لە گەیاندنی، 22 هەزار خێوەت لە ئوردنەوە و 600 هەزار بەتانی و 33 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی لە میسرەوە بۆ غەززە دەکات.