وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: لە شەڕی نێوان کورد و تورک تەنها داعش سوودمەند دەبێت

ئەنالیانا بیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایدەگەیەنێت: بە شەڕکردن لەگەڵ کوردەکان، تەنها داعش سوودمەند دەبێت.
بێربۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە، پاش گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا تورکیەکەی هاکان فیدان گوتی: "ئاسایشی کوردەکان پێویستە بۆ ئایندەیەکی ئازاد و ئارام لە سووریا، بەڵام دەبێت نیگەرانییەکانی ئاسایشی تورکیاش چارەسەر بکرێن بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کەناڵی دویتچ لاند فونکی ئەڵمانیا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشاوە، هەزاران کورد لە منبیج و شوێنەکانی دیکە لە سووریا ئاوارە بوون، گوتی: کۆبانی بۆتە سیمبولی بەرگریی لە دژی تیرۆریستانی داعش، نەوەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو جیهان، گوتیشی "کوردەکان شانبەشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کاردەکەن و نەک تەنها بەرگرییان لە سووریا، بەڵکو ئاسایشی ئەوروپا کردووە."
هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیاش بە هاوتا ئەڵمانیەکەی گوت: پێویستە پەکەکە و یەپەگە چەکەکانیان دابنێن و هەڵبوەشێنەوە.
ئەمە لە کاتێکدا کە، دووشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2023، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرە قۆزاق لە دەورووبەری حەلەب و لەگەڵ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ڕووبەڕوو بوونەوە، بەمەش زیانی گیانی لەنێوان هەردوو هێز کەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، جگە لە زیانی گیانی نێوان هەردوو هێز، گوندەکانی نزیک پردی قەرەقۆزاق، لەلایەن سووپای تورکیاوە بە چڕی بۆردوومان کرا.
ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: گرژی و ئاڵۆزییەکان باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، ترسیان لە دروستبوونی کارەساتی مرۆیی هەیە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرای کردووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، پاش ئەوەی 3 گوندیان کۆنتڕۆڵ کردووە، هێزە سەربازییەکانیان دەورروبەری بەنداوی تشرینیشیان کۆنتڕۆڵ کردووە و دەستیان بە پێشڕەوی کردووە.